كوردستان لە چركە ساتێكی مێژوویی خۆیدایە وەك پاڵەوانی مقاوەمەت دژی شەیتانی داعش و پارێزەری كەمینەكان لەسەر شانۆی سیاسی جیهان دەركەوتووە

كوردستان لە چركە ساتێكی مێژوویی خۆیدایە وەك پاڵەوانی مقاوەمەت دژی شەیتانی داعش و پارێزەری كەمینەكان لەسەر شانۆی سیاسی جیهان دەركەوتووە
لە دیمانەیەكی تایبەتی بۆ گۆڤاری گوڵاندا رێجیس دوبرێ ئەرستۆكەی فەرەنسا و جیهان گوتی: ئێوەی كورد مافێكی ئاسایی خۆتانە كە لە پێناوی دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردیدا، هەموو رێگەكان بگرنەبەر. بەڵام یەكێك لە تراژیدیاكانی ئێوە ئەوەیە كە، لەم ساتەوەختە مێژووییەدا و لەسەر ئەم شانۆ سیاسییە جیهانییە، چەند وەك پاڵەوان و پارێزەر دەردەكەون، هێندەش وەك نوكی رمی ئەوروپا لەبەرامبەر دوژمنەكانی خودی ئەوروپادا دەردەكەون. ئەم وێنەیەی ئێوەی كورد، شمشێری دەستی رۆژئاوا، خۆی لە خۆیدا گرفتێكی گەورەیە. بۆ لەناوبردنی شەیتان، هەموو رۆژئاوا پشتی بە ئێوە بەستووە. بێگومان لەناوبردنی شەیتانی داعش فەرمانێكی هەنوكەییە. بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت كە شەیتانێكی دیكەش لێرەیە، شەیتانێكی گەورەتر كە ئەمریكایە. بە درێژایی مێژووی ئەزموونەكانم، من فێری ئەوە بووم كە هەرگیز متمانە بە ئەمریكا نەكەم، كە هەمیشە بە گومانەوە لە هەر جووڵانەوەیەكی ئەمریكا بڕوانم. لە كاتێكدا ئێوەی كورد، ئەمریكا وەك فریادڕەس تەماشادەكەن، من وەك ئەژدیهایەك تەماشای دەكەم.

هەروەها رێجیس دوبرێ گوتی: ئەگەر من لە ئێستادا كورد بوومایە، رێك وەك ئێوە قسەم دەكرد، ئەگەر كورد بوومایە رێك هەمان هەڵوێستم لە سەر ئەمریكا دەبوو. گەڕانی كورد بە دوای مافە سیاسییەكانی خۆیدا، گەڕانێكی شەرعییە و كەس مافی ئەوەی نییە رووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام من ئێستا لە هەلومەرجی ئێوەی كورددا ناژیم، من هەمان رابردووی ئێوەم نییە، من لە نێو هەمان هاوكێشەی هێزی ئێوەدا نیم. ئێوە بە عەینەكی كوردی و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەتانەوە ئەمریكا دەخوێننەوە. بەڵام من بە عینەكی دیكە و لە ئاستێكی دیكەدا دەیخوێنمەوە. من پێموایە، ئەمریكا لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە لە هەر شوێنێك دەستێوەردانی سەربازی كردبێت، گرفتی گەورەی دروستكردووە، جەنگی ناوخۆی بەرهەمهێناوە و وڵاتی كاولكردووە و رووبارێك خوێنی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە. تەماشاكە، سۆمال پاش دەستێوەردانی ئەمریكا چی بەسەر هات، ئەفغانستان چی بەسەر هات، عێراق چی بەسەر هات. راستە ئێوەی كورد قازانجی گەورەتان لە داگیركردنی عێراق كرد و ئەمەش مافێكی سەرەتایی خۆتانە، بەڵام نیو ملیۆن بەشەر بوون بە قوربانیی داگیركردنی عێراق. سەدام حوسێن دیكتاتۆرێكی گەورە بوو، دەكرا بە رێگەی دیكە لە ناو ببرایە، نەك بەم شێوەیەی كە ئێستا عێراقی تێكەوتووە.

شایانی باسە دوبرێ هەروەها گوتی: پێموایە بەشداری ئێستا فەرەنسا لە جەنگی داعش هەڵەیە. جۆری بەشداریكردنەكە هەڵەیە. بۆ فڕۆكەوانێكی فەرەنسی بڕوات لە موسڵ بۆردومانی داعش بكات؟ گەر بڕیار بێت ئەم جەنگە جەنگی كوردەكان بێت، كە دۆستی رۆژئاوان، دژ بە داعش، كە دوژمنی مرۆڤایەتین، رۆڵی فەرەنسا دەبێت بەجۆرێكی دیكە بێت، نەك هەموو سوپای فەرەنسا مۆبیلیزە بكرێت. باشتر وایە فەرەنسا «رەفالەكانی» بە كورد بدات، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە جەنگی خۆیان بكەن، نەك ئێمە لە بری ئەوان جەنگ بكەین. باشتر وایە فەرەنسا لە بری بەشداریكردنی جەنگ، سوپای كوردی پڕچەك بكات بە هەموو جۆرە چەكێك، بە فڕۆكەشەوە و یارمەتی كوردەكان بدات كە سوپایەكی نیزامی دروست بكەن تا بتوانن جەنگەكانی خۆیان بكەن، نەك ئەمریكی و فەرەنسی و ئەڵمانی لەبری ئەوان جەنگ بكەن. سەرۆكی كۆماری فەرەنسا، لە ژێر كارایی شەپۆڵە عاتیفییەكاندا بڕیاری تێوەگلانی فەرەنسای دا. گەرنا ئەم بڕیارە هیچ پەیوەندییەكی بە پێوەرە عەقڵانییەكانەوە نییە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(996)
Top