كۆبوونەوەی پێنج حیزبە كوردستانییەكە دەستی پێكرد

 كۆبوونەوەی پێنج حیزبە كوردستانییەكە دەستی پێكرد
كۆبوونەوەی پێنج حیزبە كوردستانییەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی لە شاری هەولێر دەستیپێكرد.

لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤانی بارزانی بە سیفەتی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و نیكۆلای میلادینۆف نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەشدار دەبن.

راشی گەیاند، كە لە شاندی پارتی هەریەك لە فازڵ میرانی، د.رۆژ نووری شاوێس و هۆشیار زێباری بەشداری كۆبوونەوەكەن. شاندی یەكێتیش پێكهاتوون لە مەلا بەختیار و عومەر فەتاح. لە گۆڕانیش جەلال جەوهەر و عومەری سەید عەلی بەشدارن و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیش نوێنەرایەتی حیزبەكەی دەكات. هەروەها محەممەد فەرەج ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە دەکات.

بڕیارە سبەی سێشەممە شاندە باڵاكەی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغداو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا كۆببێتەوە.لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی چۆنێتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت بەرلەوەی شاندەكە بەڕێبكەوێ.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی یەكلاییكردنەوەی پارێزگارێك بۆ سلێمانی دەكرێت، كە 5 مانگ زیاترە هەڵبژاردن كراوەو تاوەكو ئێستا پۆستەكانی ئەو شارە یەكلایی نەبوونەتەوە.









رووداو
Top