نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و نەوشیروان مستەفا
محەممەد تۆفیق رەحیم، بەرپرسی ژووری دیپلۆماسی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ شاندێکی باڵای گۆڕان بە سەرۆکایەتیی نەوشیروان مستەفا کۆبووەوە و ئێستاش کۆبوونەوەکە کۆتاییھاتووە.
د.ئاکۆ محەممەد، ئەندامی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند کە شاندی گۆڕان لە نەوشیروان مستەفا و عومەری سەید عەلی و جەلال جەوھەر و محەممەد تۆفیق رەحیم و من پێکھاتوون و شاندی پارتیش لە نێچیرڤان بارزانی و فازل میرانی و ھۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد و عزەدین بەرواری.
د. ئاکۆ محەممەد سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی:" باسی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی کوردستان و شەڕی تیرۆر و ژێرخانی ئابووری کرا، لە تەوەرێکی دیکەدا باسی عێراق و بەشداری کورد لە حکومەتی حەیدەر عەبادی و چوونی وەزیرە کوردەکان بۆ بەغدا کرا، ھەروەھا باسی ئەو کۆبوونەوەیەش کرا کە بڕیارە سبەی دوو شەممە 13/10/ 2014 لە مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ھەولێر لە نێوان ھەر پێنج لایەنەکە ئەنجام بدرێت".
ئاکۆ محەممەد ئاماژەی بەوەشدا كە گۆڕان و پارتی کۆکبوون لە سەر ھاوکاریکردنی کوردانی رۆژئاواو پشتگریكردن و پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە ھاوکارییەک بۆ کۆبانێ، کە چەندین ھەفتەیە دوچاری پەلامارێکی تووندی تیرۆرستانی داعش بۆتەوە، ھەر دوو لا بۆچوونیان لە سەر ئەوە بوو بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و سەرجەم لایەنەکان پشتگیری کوردانی رۆژئاوا و خەڵکی کۆبانێ بکەن.
ئەو ئەندامەی شاندی گۆڕان رەتیکردەوە لەو کۆبوونەوەیەدا باسی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاریان لەگەڵ پارتی کردبێت و گوتی:" بە ھیچ شێوەیەک باسی ئەنجوومەنی پارێزگاو حکومەتی خۆجێیمان لەگەڵ برادەرانی پارتی نەکرد".
سەبارەت بە داواکاری گۆڕان و پێدانی پشکەکانی لە پۆستەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی دیکە، ئاکۆ محەممەد گوتی:" بە تێروتەسەلی باسی ئەو بابەتە نەکرا، بەڵکو بۆ کۆبوونەوەکانی داھاتوو لە نێوان شاندی دانوستاندنکاری ھەردوولا جێھێڵدرا".
رووداو
