کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات
دوای كۆبوونەوەكە، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان رێكخست و نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان روونكردەوە.
مەلا بەختیار لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا گوتی "كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەنێوان یەكێتی و پارتی ئەنجامدراو بەدڵی هەردوولامان بوو و تەوەری گفتوگۆكانمان چارەنووسساز بوون". هەروەها نێچیرڤان بارزانی گوتی "كۆبوونەوەكەمان باش و راشكاوانە بوو".
نێچیرڤان بارزانی و مەلا بەختیار جەختیان لە گرنگی پەیوەندییەكانی هەردوولا كردەوەو نێچیرڤان بارزانی گوتی "لە رابردوودا پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی شتی گرنگی لێ بەدەستهاتووە، بۆیە ئێستاش پێویستە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی و هەموو حیزبەكانی دیكەش پتەوبێت".
هەر سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ، مەلا بەختیار رایگەیاند، كە بڕیاردراوە لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێكبهێنرێت و بە گوتەی ئەو، لیژنەكەی پارتی نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی دەكات و لە لایەنی یەكێتیش خودی مەلا بەختیار سەرپەرشتی دەكات. گوتیشی رۆژی پێنجشەممە كۆبوونەوەیەكی دیكە لەنێوان پارتی و یەكێتی ئەنجامدەدرێت.
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا مەلا بەختیار گوتی "ئێمە تاوەكو ئێستاش پابەندین بە رَككەوتننامەی ستراتیژی نێوانمان".
رووداو
