لە تەقینەوەكەی قەرەتەپە زیاتر لە 130 شەهید و بریندار هەیە

لە تەقینەوەكەی قەرەتەپە زیاتر لە 130 شەهید و بریندار هەیە
پاش ئەوەی بەیانی ئەمرۆ چەند تەقینەوەیەكی بەهێز ژمارەیەك بارەگاو بینای حكومی و حیزبییان كردە ئامانج و شارەدێی قەرەتەپەیان هەژاند، بە پێی زانیارییەكان تەقینەوەی یەكەم لە رێگەی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبرێژكراوەوە بووە و دواتر خۆكوژێك خۆی تەقاندۆتەوە و هەروەها موشەكێكیش تەقیوەتەوە و تاوەكو ئێستا زیاتر لە 30 شەهید و 100 بریندار هەیە.

كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانی ئەمرۆ لە ناو شارەدێی قەرەتەپە چەند تەقنیەوەیەك روویاندا و بارەگای ئاسایش و پۆلیس و شارەوانی قەرەتەپە و كۆمیتەی یەكێتی لە ناوچەكەیان كردە ئامانج كە هەموویان بە تەنیشتی یەكترەوەن.

لە بارەی دوا زانیارییەكانیشەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە شارەدێی قەرەتەپە بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: تەقینەوەی یەكەم ئۆتۆمبیلێكی بۆمبرێژكراو بووە و دوای ئەم تەقینەوەیەش لە كاتێكدا هاووڵاَتیان و هێزە ئەمنییەكان بەهانای قوربانیانی تەقینەوەكە چوون، خۆكۆژێك خۆی تەقاندۆتەوە و پاش ئەم دوو تەقنیەوەیەش موشەكێك تەقێندراوەتەوە.

سەرچاوەكە وتیشی: بەهۆی بەهێزی تەقینەوەكان بەشێكی زۆری ئەو بینایانە دارووخاون، بە تایبەت بینای شارەوانی و بە پێی ئامارەكان تا ئێستا زیاتر لە 30 شەهید و 100 بریندار هەیە كە لە نێویاندا كەسایەتی دیار و خەڵكی بەرپرسیان تێدایە.

تاوەكو ئێستا ژمارەیەك لە شەهیدەكان لە ژێر داروپەرتووی بینا رووخاوەكانن و لە لایەن تیمەكانەوە سەرقاڵی دەرهێنانەوەیانن.

ژمارەیەكی زۆر لە بریندارەكان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی كەلار و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەكەدا چەند جۆرێكی خوێن دەست ناكەوێت و هەروەها قەرەباڵغییەكی زۆر دروست بووە و بۆ بەخشینی خوێن داوای هاوكاری لە هاووڵاتیان دەكریت و زۆربەی بریندارەكانیش رەوانەی سلێمانی دەكرێن.
Top