ئەنوەری حاجی عوسمان: گورزی کوشندەمان لە داعش داون.. "با کەس موزایەدە و زماندرێژی بە کۆبانیوە نەکات"

 ئەنوەری حاجی عوسمان: گورزی کوشندەمان لە داعش داون..
جێگری وەزیری پێشمەرگە(ئەنوەری حاجی عوسمان) دەڵێ، هێزەکانمان لە سنووری مەکتەب خالید، بە هۆی کەمێک پێشڕەوییان لەو سنوورە، لوتبەرزیی داعشیان شکاند و گورزی کوشندەیان لێ دان، کە 20 کوژراو و دەیان برینداریان هەبووە. لەسەر ئەو باوەڕەیشە کە شانەی نووستوویان لە ناوچەکەدا هەبێ و گوتی، "دەبێ هێزە ئەمنییەکانمان ئاگایان لێیان بێ و نەهێڵن جووڵەیان هەبێ." دەربارەی دۆخی کۆبانیش رایگەیاند، دڵیان لەگەڵیانە، بەڵام بە داخەوە کە نەیانتوانیوە پشتیوانی ئەو هێزە بن کە بەرگری دەکەن.. ئەو نیگەرانیی خۆیشی وەک گوتی لەو موزایەداتانەی دەکرێن نیشان دا و دەشڵێ، "ئەوەی لەوێ ڕوو دەدا، داستانێکی دیکەی بەرخودانی کوردە و خۆ ئەگەر سەریش نەکەوێ، بەڵام ئەمە بە واتای کەوتنی هەموو کورد نییە، چونکە ئێمە هەڵبجەیشمان هەیە و ئەنفالیشمان بەسەر هاتووە، بەڵام کورد هەر ماوە و پێشیش کەوتووە. بۆیە با هەندێک، چیدی زماندرێژی نەکەن."
لە پێوەندییەکی تایبەتدا، جێگری وەزیری پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووکەوە بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، دوێنێ ئێوارە تیرۆریستانی داعش بۆردومانی لیوای یەک و مەکتەب خالیدیان کرد، بەڵام لە لایەن لیوای یەکی پێشمەرگە و فەرماندەکانیانەوە، قارەمانانە بەرپەرچیان درایەوە و تێک شکێندران.
دەربارەی ئەو زیانانەی کە پێشمەرگە لەو هێزە تیرۆریستییەی داعشی داوە، جێگری وەزیری پێشمەرگە گوتی، "بەپێی زانیارییەکانمان لە خەستەخانەکانی ڕەشادەوە زیاتر لە 20 تەرمیان براونەتە ئەوێ و بریندارێکی زۆریشیان هەبووە، زیانە ماڵییەکانیشیان کە بە زەبری هێزەکانمان بووە، تێکشکاندن و سووتاندنی شۆفڵ و حەفارەیەک هەروەها دوو ئۆتۆمبێلی داعش بووە."
ئەو جەختی کردەوە کە، ئەم گورزوەشاندنەی پێشمەرگە لە داعش، شکاندنی ئەو لوتبەرزییەیان بوو بە هۆی هەندێ سەرکەوتنیان لەو ناوچەیەی کە پێشتر دەستاین بەسەردا گرتبوون، بەڵام بەم زەبرەی پێـشمەرگە کوژراو و برینداری زۆریان هەبووە و زیانی ماڵیی زۆریشیان بەرکەوتووە. ئەم سەرکەوتنەی پێشمەرگەیش زۆرتر لە ورەی داعشی دابەزاندووە.
ئەو پێوەست بە جموجۆڵی داعش لە دەوروبەری کەرکووکیش گوتی، "ئەوان هەفتەیەکە هێز کۆ دەکەنەوە، لە هەوڵدا بوون هێرشی فراوان بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بەرپا بکەن، بەڵام سەرباری ئەوەی ئاگامان لە جموجۆڵەکانیانە، ئەم بەرپەرچدانەوەیەی هێزەکانمان، وەک هەنگاوی یەکەم لوتیان شکاندن و جارێ بە ئاسانی خۆیان پێ کۆ ناکرێتەوە، هاوکات هێزەکانمان لە هەموو سەنگەرەکاندا، لە ئامادەباشیی تەواودان و بە ورەیەکی بەرزەوە بەرپەرچی هەر هێرشێکیان دەدەنەوە."
جێگری وەزیری پێشمەرگە(ئەنوەری حاجی عوسمان)، دەربارەی پلانی وەزارەتەکەیان لە جەنگی دژ بە داعشدا رایگەیاند، "ئێمە سەرکەوتنی گەورەمان لە میحوەری کەرکووک، تۆمار کردوون، لە راستیدا نەمانویستووە لەو سەرکەوتنانە زیادەڕۆیی بکەین، بەڵام لە هەندێ ناوچەی دیکەی وەک، جەلەولا، خورماتوو و داقووق و ناوچەی مەخموور و زوممار و ڕەبیعە، پێویستمان بەوە هەیە هێرشیان بۆ بکەین و ئەو ناوچانە بیانگرینەوە، بەڵام ئێمە وەک حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، هاوپەیمانەتی و هەماهەنگیمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە کە، هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتییان دژ بە داعش پێک هێناوە، بۆیە پێویستمان بە هەماهەنگی هەیە لە هەر هەنگاو و پلانێکماندا، بۆ هێرشبردنە سەر مۆڵگەکانی داعش."
ئەو دەربارەی ئەو هاوکاریانەیشی کە هاوپەیمانان لە ڕووی چەک و پێداویستیی سەربازییەوە، بۆ پێـشمەرگە کردوویانە، گوتی، "بێگومان ئەو هاوکارییەی ئەوان بە کەم نابینم و باشن، بەڵام لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئێمەیشدا نییە."
زیاتر گوتی، "باسکردنی هاوکاریی هاوپەیمانان لەوەی لە ڕووی کردەنییەوە کراوە، زۆر زیاتر لە باڵای خۆی نیشان دراوە، بەو هیوایەین کە ئەو کەلێنەی لە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازیی هەیە، هاوپەیمانان بتوانن پڕی بکەنەوە و لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانماندا بن."
هاوکات سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانی کرد کە خێرا بەدەم داوکاریی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هاتن لە پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها گوتی "داوایش دەکەم لێیان ئەوەی کە داواکاریی ئێمەیە و خۆیان دەزانن چیمان دەوێ، زووتر بۆمانی بنێرن تا لە ڕێیەوە زیانی زیاتر لە دوژمن بدەین و لە ناوچەکەدا تێکیان بشکێنین."
دەربارەی کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستانیش، گوتی، "ئەگەرچی کۆبانی بەشێکە لە کوردستان بۆ ئەو دۆخەی کە هەیەتی تەواو نیگەرانین، هەڵبەت ئەمە خواستی ئێمەیش بوو ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان بووینایە و توانیبامانە هاوشانی ئەوانەی ئەوێ بەرگری بکەین، بەڵام هەموان دەزانن کە سەدان کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورە و دەستمان نایگاتێ، ئەوەتا ئەو هێزەی یەپەگەیش کە لە سنووری ئێمەن ناتوانن بچن بە هانای براکانیانەوە، ئەی باشە دەپرسم ئێمە چۆن بتوانین بچین و پشتیوانیان بین؟"
(ئەنوەری حاجی عوسمان) زۆرتر گوتی، "پێویستە لە بارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، چیدی خەڵکی موزایەدە نەکەن و، بڵێن ئەگەر کۆبانی کەوت ئەوا هەموو کورد دەکەوێ، دڵمان لە کۆبانییە، بەڵام خۆ ئەگەر لە بەرانبەر بە هێرشی دوژمن کەوت، ئەمە واتای کەوتنی هەموو کوردستان نییە و خۆ کۆبانی لە هەڵەبجە و ئەنفال کارەساتبارتر نییە و کورد هەر ماوە و هەر دەیشمێنێ و زیادیشی کردووە."
جەختیشی کردەوە کە، "هەرچەند هەوڵ دراوە هەم هێز و هەم چەک و تەقەمەنییان پێ بگەیەنین، بەڵام بە هۆی هەڵکەوتەی جیۆگرافییەوە نەتوانراوە ئەو کارە لەپێناو برایانمان لە ڕۆژائاوا بکەین، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە، بەسە ئەوانەی کە موزایەدە دەکەن، چی دی زماندرێژی نەکەن چونکە هیچ کارێکمان بۆ ئەوان لە دەست نایە، ئەوەیشی دەڵێ، دەتوانرێ، دەبا بوێر بن و خۆیان تاقی بکەنەوە و وەک هەنگاوی یەکەم خۆیان بە سەڵتی بچن، ئینجا کە زانییان ئێمە چیمان لە دەست دێ و نەمانکردووە، با ئەوان بیکەن و بە دڵنیاییەوە ئێمەیش هاوکار دەبین."
لەبارەی سنووری ڕەبیعە و زووماریشەوە گوتی، "لەو سنورانە داعش شکستی یەک لە دوای یەکیان خواردووە، بەم هۆیەوە پێم وایە خۆیان تاقی بکەنەوە و بەشێک لە شکستەکانیانی پێ ڕاست بکەنەوە".. دەربارەی میحوەری داقووق و خورماتوویش دەڵێ،
"بەو هۆیەوەی کە میلیشیا شیعەکان لەو دەوروبەرە هەن، داعش دەیانەوێ لەوێیش جموجۆڵیان هەبێ، کە مەبەستیانە بە ئێران و شیعەکان بڵێن ئەوە ئێمە هەین و پەلاماری کەرکووک و ناوچەکانی دیکەیش دەدەین، ڕەنگە شانەی نووستوویشیان لە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری هەبێ، بەڵام ئەمەیش دەکەوێتە ئەستۆی ئاساییش کە دەبێ لە ئامادەباشی تەواودابن و ئێمەیش هاوکاریان دەبین."
KDP.info
Top