پەرلەمانی کوردستان، توندوتیژی بەرانبەر بە خۆپێشاندەرانی باکووری کوردستان سەرکۆنە دەکات
دەقی بەیاننامەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپێشاندەران لە باکووری کوردستان:
لە دوای ئەوەی رێکخراوی بهناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پەلامارەکانی بۆ سەر شاری کۆبانی چڕ کردەوە، گەلەکەمان لە هەموو دونیا بۆ پاڵپشتیی ئەو شارە خۆڕاگرە رژانە سەر شەقامەکان و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە رێگە بگرن لەو کۆمەڵکوژییەی کە داعش دەیەوێت لە کانتۆنی کۆبانی ئەنجامی بدات.
گەلەکەمان لە باکووری کوردستان، هاوشان لەگەڵ گەلانی دیکەی تورکیا، وەک بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی لە شار و شارۆچکەکاندا خۆپێشاندانیان ئهنجام دا و داوایان لە دەستەڵاتدارانی تورکیا کرد رێگە بۆ گەییشتنی کۆمەکی مرۆیی و سەربازی بۆ کۆبانی بکاتەوە.
لە بەرامبەردا دامودەزگا ئەمنییەکانی تورکیا، به زێدهڕۆییكردن له بهكارهێنانی توندوتیژیی نامرۆڤانە بەربوونە گیانی خۆپێشاندەران و دەیان کەسیان شەهید کرد و بە سەدانیش بریندار و ژمارەیەکی زۆری خۆپێشاندهرانیان دەستگیر کردن.
ئێمه له سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە توندی ئیدانەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژبە خۆپێشاندەران دەکهین و داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکهین لە جیاتی رووبەڕووبونەوە و کوشتن و گرتنی خۆپێشاندەرانی سڤیل، بە دەم داخوازییەکانیانەوە بچن، کە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو داخوازیانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە داعش، بۆ بەهاناوەچوونی شەڕڤانانی قارەمانی کۆبانی ئاراستەی تورکیای دەکەن.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ داخوازیی سەرجەم خۆپێشاندەران و پشتیوانانی کۆبانی لە کوردستان و سەرجەم وڵاتانی دونیا دووپات دهكاتهوه.
سەربەرزی بۆ شەهیدانی کۆبانی، سڵاو لە خۆراگریی خۆپێشاندەران لە هەر کوێیەک هەن.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
11/10/2014
