پاش بۆردوومانی مۆڵگەکانیان، داعش لە سنووری داقووق جموجۆڵی نەماوە
بەرێوبەری ئاساییشی داقووق(پۆڵا ئەحمەد) بە kDP.INFOی راگەیاند: "تا دوێنێ لە سنووری داقووق چەکدارانی داعش جموجۆڵیان ھەبوو، بەڵام بە هۆیە بۆردوومانی شەوی رابردووی فڕۆکە جەنگییەکانەوە، سێ تیرۆریست کوژراون و 10-ی دیکەیش بریندار بوون."
موقەددەم (پۆڵا ئەحمەد) گوتیشی، "سێ رۆژە دەنگۆی ئەوە ھەیە کە جمجوڵیان زیادی کردووە، بەڵام لە دوای بۆردوومانکردنیان کە لە ئێستادا من خۆم لە داقووقم، ناوچەکە ئارامە و ھیچ جووڵەیەکیان نییە."
بەڕێوبەری ئاساییشی داقووق لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، ئەو ھێزەی داعش لە سنوری داقووق ھەیە، تەنیا بۆ بەرگرییە و بۆ ھێرشکردن نییە، چونکە وەک ئەو دەڵێ، هێزێکی زۆر نین.
زیاتر گوتی، ھێزێکی زۆری پێشمەرگەیش لەو سنوورە ھەیە و چەکی قورسیشیان پێیە، بەڵام ئەگەر ھێزی زیاتر ھەبێت باشترە، چونکە سنوورێکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی کەرکووک.
