پەیامی مه‌سرور بارزانی بە بۆنەی جەژنی قوربان

 پەیامی مه‌سرور بارزانی بە بۆنەی جەژنی قوربان
مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا جه‌ژنى قوربانى له‌ خه‌لكى كوردستان پیرۆز ده‌كات ، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تى:-


به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان
به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌وه‌، جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ له‌ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان وده‌زگاكانی ئاسایش و پۆڵیس و موسڵمانان و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م.
هاتنه‌وه‌ی ئه‌م جه‌ژنه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ كوردستان له‌جیاتی جیهان شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش ده‌كات، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك مایه‌ی شانازییه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌ ئه‌و پشتیوانی و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ كوردستان به‌ڵگه‌ی سیاسه‌تی راست و دروستی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستانه‌، كه‌ كوردستان به‌شێكه‌ له‌ جیهانی ئازاد و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش له‌ ئاسۆدایه‌.
هاوكات خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، ‌ ئه‌و ئایدیۆلۆژییه‌ توندرۆیه‌ كه دژی‌ هه‌موو مافێكی مرۆڤ و ئایینییه‌ ‌‌هیچ ئاینده‌ی له‌ كوردستاندا نییه‌، كوردستانیش دوای هه‌ر رووداوێك به‌ره‌و سه‌قامگیری و بوژانه‌وه‌ی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێ.
جارێكی دیكه‌ پیرۆزبایی له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م و ‌ سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیده‌كان داده‌نوێنم و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم.
براتان
مه‌سرور بارزانی
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان
Top