پۆلیس و ئاسایش ئامادەکاری بۆ ڕۆژانی جەژن دەکات

پۆلیس و ئاسایش ئامادەکاری بۆ ڕۆژانی جەژن دەکات
وتە بێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند؛ پلانی ئەمنی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بۆ پاراستنی هاووڵاتییان ڕۆژێک بەر لە هاتنی جەژنی قوربان دەست پێدەکات.

ڕائید کاروان عبدالکریم، وتە بێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند؛ پلانی ئەمنی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بۆ پاراستنی هاووڵاتییان ڕۆژێک بەر لە هاتنی جەژنی قوربان دەست پێدەکات و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش تەواوی گەڕەک و باخچە و مۆڵ و شوێنە گشتییەکان دەخەنە ژێر چاودێری وردی خۆیان.

کاروان عبدالکریم داوای لە هاووڵاتییان کرد لە هەر شتێک گومانییان لێکرد، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش ئاگادار بکەنەوە و هاوکاری هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بن.

وتە بێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستخۆشی لە خەڵکی هەولێر کرد کە هەمیشە هاوکاری هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بوون و بە هۆی هاوکارییەکانییان زۆر پلانی ناحەزان پووچەڵ بۆتەوە.

ڕائید کاروان عبدالکریم، ئاماری ڕووداوەکانی دوو مانگی ڕابردووی هەولێری خستە روو و گووتی: لە دوو مانگی ڕابردوو چوار حاڵەتی کوشتن و سێ حاڵەتی دزی هەبووە کە نزیکترینیان کوشتنی ژنێک لە ماڵەکەی خۆیدا بوو کە بکوژی ژنەکە دوای کوشتنی ئەو ژنە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناو لە سەر ڕێێ کوران خۆشی کوشت.
Top