تەنیا گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی ژینۆساید دژی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە

تەنیا گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی ژینۆساید دژی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر تانەر ئەكچام تۆێژەر لە سەنتەری هۆلۆكۆست بۆ دیراساتی ژینۆساید بۆ گوتى: ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە كە بێت بە هانای هەرێمی كوردستان لە باكووری عێراق، یاخود باشترە بڵێین یارمەتی دەوڵەتی كوردی بدەن، چونكە لە ئێستادا تاكە هێزی ناوچەكەن كە دژی داعش وەستانەونەتەوە. بەداخەوە بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی دەیبیستین حكومەتی توركیا هەڵوێستی لەبەرامبەر داعش نییە، كەواتە ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە كە هاوكاری مرۆیی بۆ كورد بنێرن، هەرچەندە من دڵنیا نیم ئایا ئەوان ئامادەن ئەم كارە بكەن، یاخود ئایا ئەم كارە دەكەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی كراوە، بەس نییە، ئەمە پرسێكی زۆر گرنگە. ئەركێكی گرنگی دیكە بریتییە لە بەهێزكردنی حكومەتە كوردییەكە لە هەرێمەكەدا. من لەم رووەوە ئەركێكی دیكە بەدی ناكەم. دووبارەشی دەكەمەوە، بە گوێرەی بەدواداچوونم بۆ هەواڵەكان هێزە مەزنەكان لەسەر دواچارەسەر لە ناوچەكەدا رێكناكەون، ئەمە خاڵی یەكەم، هەروەها بۆ ئەوەی تەواو راشكاوبم لەگەڵتاندا، من شەخسی خۆم پێموا نییە جیاكردنەوەی داعش و شەڕكردن لەگەڵیدا لەسەر بنەمای ئەوەی تەنیا رێكخراوی تیرۆریستیە.

هەروەها تانەر ئەكچام گوتى: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ئەخلاقی كار ناكات، باوەڕم وا نییە لەسەر بنەمای ئەخلاقی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان بكەن، تەنیا ئەو كاتە پشتیوانی ئەم سەربەخۆییە دەكەن كە بەرژەوەندییەكی گەورە و راستەقینەیان هەبێت لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئاوادا. بە گوێرەی بەدواداچوونمان بۆ هەواڵەكان خواستێكی گەورە نییە بەو ئاراستەیەدا. پێموایە ئەمە بە تەنیا بەوچارەسەر دەبێت كە لە نزیكەوە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی توركیادا بكرێت، بەڵام بەداخەوە بە پێی تێگەیشتنی من توركیا ئامادە نییە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی كوردی باكووری عێراقدا بكات بۆ شەڕكردن لە دژی تیرۆریزمی داعش. بە داخەوە ئەمە كێشەی سەرجەم دەوڵەتە سوننییەكانی ناوچەكەیە. لەبەر ئەوەی تاوەكو دەوڵەتە سوننییەكان پشتیوانی كاری سیاسی دژی داعش و رێكخراوە هاوشێوەكان نەكەن، ئەوا من سەركەوتن لە مەودای دووردا بەدی ناكەم.

شایانی باسە ئەكچام هەروەها گوتى: من هاوڕام لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا (ئۆباما) كاتێك باسی ئەوەی كرد كە رای جیهان و ئەو سەرنجەی لەسەر ئەو رووداوانە بوون كە لە شنگال و لە ناوچەكەدا روویان دا، ژینۆساید بوون، ئەوە ژینۆساید بوو كە بە هۆی دەستێوەردانی ئەمریكا و دەستێوەردانی كوردەوە رێگری لێكرا، حكومەتی كوردی باكووری عێراق شان بە شانی بۆردومانی ئاسمانی ئەمریكا رێگرییان لە روودانی ژینۆساید كرد لە عێراقدا، ئەمە روونە بۆ ئێمە. من هیوادارم رای گشتی جیهانی، یان كۆمەڵگەی جیهانی ئامرازی دیكە بدۆزنەوە بۆ دەستێوەردان و كۆتاییهێنان بە كارەساتی مرۆیی.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(995)
Top