هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی داعش لە میحوەری گوێر تێکدەشکێنن

هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی داعش لە میحوەری گوێر تێکدەشکێنن
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چەکدارانی سەر بە گرووپی تیرۆریستی داعش، دەستیان بە بۆردومانی دوو گوندی خالند و گعێتلی لە میحوەری گوێر کرد و هێزەکانی پێشمەرگەش بە تووندی وەلامی دانەوە.



تەیب زرار، كارگێڕی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند، كاتژمێر یازدەی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چەكدارانی داعش دەستیان بە بۆردۆمانكردنی دوو گوندی خالند و گعێتلی لە میحوەری گوێڕ کرد.



بە گووتەی تەیب زرار، چەکدارەکانی داعش بە هاوەن بۆردومانی ئەو دوو گوندەیان کردووە و بە دۆشەكەش تەقەیان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكرد، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگەی فەرماندەیی بارزان و كادیر و پاسەوانەكانی لقی ١٦ پارتی و ژمارەیەك پێشمەرگەی دیكە بە فەرماندەیی قادر قادر، وەڵامی بۆردۆمانی چەكدارانی داعشیان دایەوە و هەتا کەمێک لەمەو بەر شەڕەكە بەردەوام بوو.



كارگێڕی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان گووتی: هێزەكانی پێشمەرگە بە جۆرەها چەك وەڵامی بۆردومانی داعشیان داوەتەوە و زیانێکی زۆریان پێگەیاندوون و هیچ زیانێک بە هێزەکانی پێشمەرگە نەگەیشتووە.
Top