سه‌رۆك وه‌زیران پرۆژه‌ی بنیاتنانی كه‌مپێك له شاریا به سه‌ر ده‌كاته‌وه
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی یاوه‌ری، نموونه‌ی چه‌ند خێوه‌تێكی كه‌مپه‌كه‌یان به سه‌ر كرده‌وه، كه چوار هه‌زار خێوه‌ت له خۆ ده‌گرێت و هه‌ر خێوه‌تێك بۆ خێزانێكه، به شێوه‌یه‌كیش دروست كراون كه تیایاندا ڕه‌چاوی بارودۆخی كه‌شوهه‌وا و سارد و گه‌رمی كراوه. هه‌روه‌ها چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی جیاجیای تایبه‌تیان بۆ شوشتن و پاككردنه‌وه و دووش و گه‌رماو و توالێت دروست كردووه و كاره‌بایان گه‌یاندووه‌ته خێوهتهكان، خێوهتهكانیش تایبه‌تمه‌ندیی دژی سووتانیان تیادایه و له ده‌ره‌وه‌ش سه‌رما و تیشكی خۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر نیه.
دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی كه‌مپه‌كه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران به ناوی خۆی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، سوپاس و پێزانینی پێشكه‌ش به ده‌زگای ئافاد و حكوومه‌تی توركیا كرد و دووپاتی كرده‌وه: توركیا نه‌ك هه‌ر ئێستا، به‌ڵكوو له ڕابردووش‌دا كه گه‌لی كوردستان تووشی كاره‌سات و نه‌هامه‌تی هاتووه، ده‌ستی هاوكاری و یارمه‌تی بۆ درێژ كردووه و بههانایهوهی چووه. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند وێڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌زگای ئافاد له چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه‌مپی هاوشێوه‌یان هه‌یه، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن توركیا و ده‌زگای ئافاد بۆ پازده هه‌زار خێزانی دیكه‌ش خێوه‌تی هاوشێوه بنێرن و چه‌ندین كه‌مپی دیكه، به هه‌مان ستاندارد بنیات بنێن.
له كۆتاییی به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، وێڕای پێشكه‌شكردنی سوپاس و پێ‌زانین بۆ سه‌رپه‌رشتیاران و ئه‌نجامده‌رانی كاره‌كانی دروستكردنی كه‌مپه‌كه، دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هاوكاری و ئاسانكارییه‌ك بۆ ده‌زگای ئافاد پێشكه‌ش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به ئاسانی كه‌لوپه‌ل و پێویستییه‌كانی دروستكردنی كه‌مپه‌كان؛ بهێنێته كوردستان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی ڕاسپارد كه هه‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن.
