لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی تازەی عیراقدا و ئەو ئەركە قورسەی دەكەوێتە سەرشانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی تازەی عیراق، ئەیاد سامەرایی ئەمینداری گشتی حزبی ئیسلامی عیراقی لە لێدوانێكی تایبەت بە (گوڵان) رای خۆی دەربڕی بەوەی كە ئەم پرسە قورس و ئاڵۆزەو بۆ پەیڕەوو پڕۆگرامی سەرۆك وەزیرانی تازەو هاوپەیمانیی نیشتمانی دەگەڕێتەوە، واتا عەبادی و حكومەتەكەی لە ئێستادا لە قۆناغی تاقیكردنەوەدان تاكو دواتر ئەنجامەكە ببینین.ئەو لە درێژەی قسەكانیدا دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ عەبادی بەڵێننامەی كارنامەكەی ئیمزاكردووە كە جێبەجێی بكات، بەڵام هاوپەیمانیی نیشتمانی قایل نەبوو ئیمزای لەسەر بكات، هیچ ئەگەری دیكەمان لەپێش نییە، تەنیا ئەوە نەبێت كە بە هاوپەیمانیی نیشتمانی بڵێین تۆ لەبەردەم تەحەددا دایت و بزانین چی دەكەیت؟ بەڵام ئەگەر راست نەڕۆیشت ئەو كاتە دەرگای كێشەی زیاترمان لە پێشدا دەكاتەوە.
دەربارەی چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عیراق و ناوچەكە، سامەرایی گوتی: لە بەرژەوەندیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و عیراقیدایە كە رووبەڕووی تیرۆر و رێكخستنەكان ببینەوە كە لە عیراق و ناوچەكە چالاكی دەكەن، جا ئەو رێكخستانانە سوننی بن یان شیعی، بۆیە ئەمە دەرفەتە لەبەردەم هەموو عیراقییەكان بە هەموو پێكهاتەكانەوە كە بەیەك ریز بەرامبەر تیرۆریستان بوەستنەوە كە دژایەتی هەموومان دەكەن و ئامانجیان تەنیا تێكدانی ئەم وڵاتەیە.