ئاڵۆزی كەوتە نێوان هێزە ئەمنییەكانی توركیا و ئاوارەكانی كۆبانی
ئەمڕۆ یەکشەممە 21.9.2014، سنووری تورکیا بەڕووی ئاوارەکانی کۆبانی داخراوە و شەڕ و ئاڵۆزی دروستبووە.
سێ پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان HDP، كە ئێستا لەسەر سنووری دەشتی سوروجن، هەوڵی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە دەدەن و داوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی هێزە ئەمنییەكان كردووە.
شەڕ لەناوچەكانی نێوان رەققا و گرێ سپی لە رۆژئاوای كوردستان لەنێوان شەڕڤانانی پارتی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و چەكدارانی داعش بەردەوامە و مەترسیی زۆر لەسەر كۆبانی هەیە، لەگەڵ بەردەوامبوونی زیاتر و سەختبوونی شەڕی نێوانیان، هێزە ئەمنییەكانی توركیا داوا لە ئاوارەكان دەكەن كە لە سنووری توركیا نزیك نەبنەوە.
بەم هۆیەشەوە ئاڵۆزی كەوتە نێوانیان و پۆلیس بە گازی فرمێسكڕێژ و مۆلۆتۆڤ هێرشی كردە سەر ئاوارەكان، ئاوارەكانیش بە بەرد رووبەڕوویان بوونەوە.
هەریەكە لە ئیبراهیم ئایهان، ئیبراهیم بینیجی، ئایسەل تۆغڵوك، پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP بۆ دامركاندنەوەی ئاڵۆزییەكان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان كۆبوونەتەوە، داوایان كردووە، كە سەربازەكانی توركیا لە سنوور دووربكەونەوە، بەڵام ئەو داوایە رەتكراوەتەوە.
بەهۆی رەتكردنەوەی داواكەشیان، پەرلەمانتارانی HDP لەژێر تەلی سنوور مانگرتنیان راگەیاند.
رووداو
