ژمارەی ئاوارەكانی كۆبانی لە باکووری کوردستان بەرزبووەتەوە
نوعمان شاهین، یاریدەدەری سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی: "بەهۆی ئەوەی كە داعش 6-7 كیلۆمەتر نزیكببووەوە، ناچاربووین دەرگای سنووری بكەینەوە لە رۆژی هەینییەوە، تەنیا لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 5 هەزار كەس روویان لە توركیا كردووە".
نوعمان شاهین هەروەها گوتی: " بەشێك لەو ئاوارەبووانە روویان لە ماڵی كەسە نزیكەكانیان كردووە و ئەوانی دیكەش لە قوتابخانەكان جێگایان بۆ كراوەتەوە".
لە 8 خاڵی سنوورییەوە زیاتر لە 60 هەزار ئاوارە
یاریدەدەری سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاشكراشی كرد، " لە رۆژی یەكەمی كردنەوەی سنوور 4 هەزار و 500 كەس هاتنە نێو خاكی توركیا، لە 8 خاڵی سنووریی بە پانتایی 30 كیلۆمەتر زیاتر لە 60 هەزار برای كوردمان هاتوونەتە نێو خاكی توركیا، ماڵ و دڵمان بۆ كردوونەتەوە و دەستی كۆمەك و هاوكاریمان بۆ درێژكردوون، هەندێكیان لە قوتابخانەكان، بەشێكیشیان خێوەتمان بۆ ئامادەكردوون و ژمارەیەكیش روویان لە ماڵی ناسیاوەكانیان كردووە".
توركیا سەربازی ناردووەتە سەر سنوور
نوعمان شاهین راشیگەیاند، "بەهۆی ئەو جوڵانەوە و گرژییانەی ماوەی هەفتەیەكە لەسەر سنوور دروستبوون، توركیا لە دوێنێوە سەربازی ناردووەتە سەر سنوور لە گوندی سوروچی سەر بە رحا، هاوكات یەكەی زرێپۆشی رحا و غازی عەنتاب نێردراون بۆ سەر سنوور، لەگەڵ ئەوانیش یەكەی پۆلیسی تایبەتیش نێردراون بۆ ئەوەی وەك هێزی پاڵپشت لە ئامادەباشیدابن.
