دەزگای خێرخوازیی بارزانی قوتابخانەیەکی ١٢ پۆلی لە کەمپی کەورگۆسک دەکاتەوە
ئەمڕۆ لەکەمپی کەورگۆسک بەمەبەستی یارمەتیدان و ھاوکاریکردنی منداڵانی کەمپەکەو بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن لەنێو کەمپەکەدا بە ئامادەبوونی پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عەزیز شێخ رەزا سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگاو ژمارەیەک کەسایەتی ئیداری، قوتابخانەیەکی ئامادەیی ١٢ پۆلی بەناوی ئامادەیی جگەرخوێن لە کەمپی کەورگۆسک کردەوە, دروستکردنی ئەو قوتابخانەیە گوژمەی ١٠٠ ھەزار دۆلاری ئەمەریکی تێچووەو لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دروستکراوە, دوابەدوای کردنەوەی قوتابخانەکە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە سەرجەم پێداویستیەکانی خوێندنیان بەسەر ١٠٥٠ قوتابی قوتابخانەکەدا دابەشکرد کە خۆی لە جانتاو پەڕاو و قەڵەم و رەشکەرەوەو دادەر و دەیان جۆری دیکەی پێداویستی دەبینیەوە.
لەو بارەیەوە موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە چۆنیەتی ھەڵمەتەکەو کردنەوەی قوتابخانەکەو دابینکردنی پێداویستیەکانی خوێندن بۆ قوتابیانی رۆژئاوای کوردستان لەکەمپەکەدا رایگەیاند: لەگەڵ دەستپێکی پرۆسەی خوێندن لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان, بەپێویستمان زانی قوتابیانی رۆژئاوا بێبەش نەبن لەو پرۆسەیەو بەردەوامبن لە خوێندنیان بۆ ئەوەی ساڵی خوێندنیان بەفیڕۆ نەچێت, وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەفتەی رابردوو پێداویستی خوێندن لەوانە جانتاو قەڵەم و دەفتەر و چەندین جۆری تری کەرەستەی خوێندن بەسەر قوتابیانی کەمپی باریکەدا دابەش بکەین کە ٦٠٠ قوتابی دەخوێنن. بۆ ئەمڕۆش دروستکردنی قوتابخانەکەیەکی ١٢ پۆلی بۆ خوێندنی قۆناغی ئامادەیی بەسەر گوژمەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دروستکراوە کە بڕی ١٠٠ ھەزار دۆلاری ئەمەریکی تێچووە, ھاوکات جگە لە دروستکردنی قوتابخانە ھەستاوین بە دابینکردنی جانتاو پەڕاوو و پێداویستی دیکەی خوێندن بۆ ئامادەیی جگەرخوێن لەکەمپی کەورگۆسک.
