رۆژی دووشەممە چەکە ئەڵمانییەکان دەگەنە باشووری کوردستان
حكومەتی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بڕیارە لە رۆژی دووشەممە 22 ـی ئەم مانگە، یەكەم باری چەك و تەقەمەنی ئەڵمانیا رەوانەی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بكرێت، وەكو هاوكاریكردنی سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش، هەروەها ئاماژەی بە گەیشتنی ئەو حەوت پسپۆڕەش كردووە، كە بە ئامانجی مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر چەكی ئەڵمانی ئێستا لە هەولێرن.
بەیاننامەکەی حکومەتی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە "سوپای ئەڵمانیا ئامادەسازی دەكات بۆ ناردنی یەكەم باری چەك و تەقەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان، كە هەزارەها پارچە چەك، 20 چەكی دژەتانك و 120 مووشەكی دژە زرێپۆشی بانزرفاوست لەخۆدەگرێت".
شەوی پێنجشەممەی رابردوو بەرلین رایگەیاند، بە ئامانجی هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە هەفتەی داهاتوو چەندین پارچە چەكی نوێ رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، هەروەها هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن راوێژكارانی حكومەتی ئەڵمانیا مەشقیان پێدەكرێت.
دوای فراوانبوونی دەسەڵاتی داعش و دەركردنی مەسیحییەكانی شاری مووسڵ و كوشتوبڕكردنی ئێزدییەكان، حكومەتی ئەڵمانیاش هاوشێوەی ئەمریكاو وڵاتانی دونیا هاتە دەنگ و بڕیاریدا لە رووی سەربازییەوە هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش.
رووداو
