كوردانی رۆژئاوا روودەكەنە باكوور

 كوردانی رۆژئاوا روودەكەنە باكوور
دوای ئەوەی ژمارەیەك لە گوندەكانی رۆژئاوای كوردستان كەوتنە بەر هێرشی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) نزیكەی 3000 هاونیشتمانی رۆژئاوای كوردستان روویان كردووەتە باكووری كوردستان.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا، نزیكەی 3000 هاونیشتمانی رۆژئاوا روویان كردووەتە سنوورەكانی باكووری كوردستان و، سەربازانی سوپای توركیاش تاوەكو ئێستا رێگەیان بە پەڕینەوەیان نەداوە.

بەپێی زانیارییەكان، زۆرینەی پەنابەران لە ژنان و منداڵان پێكهاتوون و سوپای توركیاش هێڵێكی ئەمنی دروستكردووە بۆ رێگەگرتن لە ئەگەری گواستنەوەی پێكدادانەكان بۆ نێو سنوورەكانی ئەو وڵاتە. هاوكات ئەو هێڵە ئەمنییەی سوپای توركیا تائێستا رێگربووە لەبەردەم پەڕینەوەی پەنابەرە كوردەكان بۆ باكووری كوردستان.

لەماوەی 24 كاژێری رابردوودا چەكدارانی گرووپی داعش هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچە كوردنشینەكانی رۆژئاوای كوردستان چڕكردووەتەوە و 21 گو‌وندیان لە دەوروبەری كۆبانێ گرتووە. رووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، كە بارەگاكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، رایگەیاندووە چەند رۆژێكە شەڕێكی سەخت لەنێوان چەكدارانی داعش و شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە لە رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەدەچێت.

رێدار خەلیل، گوتەبێژی یەپەگە رایگەیاندووە كە دۆخی كۆبانێ لە مەترسیدایە و داوای پشتگیریی نێودەوڵەتی دەكات، دەشڵێ "ئەگەر پشتیوانی نەكرێین لە كۆبانێ و دەوروبەری جینۆساید روودەدات".





رووداو
Top