چین كونسلخانه‌ى گشتى له هه‌ولێر ده‌كاته‌وه
له دیدارێكدا به‌ڕێز "بانگلین" خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه كه حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌ى، به تایبه‌تى له‌م بارودۆخه‌دا ئه‌وى ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى له نزیكه‌وه پشتگیریى چین بۆ هه‌رێمى كوردستان و هاوسۆزى له‌گه‌ڵ ئاواره و په‌نابه‌راندا نیشان بدات و له‌وه بكۆڵێته‌وه ئاخۆ چین چۆن ده‌توانێت له‌م بارودۆخه‌دا، هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان و ئاواره و په‌نابه‌ران بكات؟.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ چین، له ماوه‌ى دوو مانگى داهاتوودا كونسلخانه‌ى گشتیى كۆمارى چین له هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه و خۆى وه‌ك یه‌كه‌م كونسلى گشتیى چین له هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت. جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه له ڕێگه‌ى كردنه‌وه‌ى كونسلخانه له هه‌ولێر، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ببنه پردێكى پته‌وى نێوان هه‌رێمى كوردستان و چین و، كۆمپانیا چینییه‌كان هان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بێن له هه‌رێمى كوردستان كار بكه‌ن و به‌شدارى له پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنیاتنان و پێشخستنى هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران به گه‌رمى به‌خێرهاتنى كرد و به خۆشحاڵییه‌وه ستایش و پێشوازى له‌م هه‌نگاوه‌ى چین كرد، كه له‌م بارودۆخه‌دا ده‌یه‌وێت كونسلخانه‌ى گشتى له هه‌ولێر بكاته‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان پته‌و بكات. دووپاتیشى كرده‌وه كه ئه‌م هه‌نگاوه‌ى چین له‌م بارودۆخه‌ى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌دا، پشتگییرییه‌كى مه‌عنه‌ویى گه‌وره‌یه و هه‌موو هاوكارییه‌كى بۆ كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌كه، دووپات كرده‌وه.
له كۆتاییى دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا خواستى خۆیان بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان له هه‌موو بواره‌كانى ئابوورى و بازرگانى و سیاسى و كۆمه‌ڵاتیدا ده‌ربڕى و، جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیى هاوكاریكردنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش، كرده‌وه.
به كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌ى كۆمارى چین له هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، ڕووسیا، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا، ئیتر هه‌ر پێنج ئه‌ندامى هه‌میشه‌ییى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، نوێنه‌رایه‌تیى دیپلۆماسی‌یان له هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت.
