ئەو زانیارییەی سەبارەت بەكارەساتی ئێزدییەكان لەبەردەستە زۆر زیاترە لە ژینۆسایدی ئەرمەنییەكان

ئەو زانیارییەی سەبارەت بەكارەساتی ئێزدییەكان لەبەردەستە زۆر زیاترە لە ژینۆسایدی ئەرمەنییەكان
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر ئەلیزابێس فیری لە ئامۆژگای برۆكینگز بۆ گوتى: چەند مەسەلەیەك هەیە لێرەدا، ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە هەبێت، ئەوا سەرۆك ئۆباما لە بارەی كاردانەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، یاخود كاردانەوەی بەرفراوان بۆ راگرتنی ئەو توندوتیژییە نەگریسەی دژی خەڵكی مەدەنی روودەدات، هەروەها هاوكاری ئەوانە بكرێت كە بێ ماڵ و حاڵ بوون، وەك ئاوارە ناوخۆییەكان و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆیان.

هەروەها ئەلیزابێس گوتی: ئەوەندەی من بزانم، ئەوا زۆر زەحمەتە داعش رێز لە مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ بگرێت لەو ناوچانەدا كە كۆنتڕۆڵی كردوون. من زۆر گەشبین نیم كە حكومەتی سووریا و عێراق بە تەنها بتوانن ئەو هێزانە بوەستێنن. بە ملیۆنها كەس دوو وڵاتی سووریا و عێراق ئاوارە بوون و ئەوەش بەرپرسیارێتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ وەستاندنی ئەو توندوتیژییە كار بە پەلە بكات بۆ ئەوەی خەڵك نەكوژرێن و ئاوارە نەبن و تاوانیان دەرهەق نەكرێت.

شایانی باسە فیری گوتی: باوەڕم وایە ئێمە زیاترمان گوێ لە سەرۆك ئۆباما دەبێت دەربارەی كردەوەی سەربازی دژی داعش، كە پێویستە كردەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت بۆ راگرتنی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵكدا دێن. لە رووی پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ ئاوارەكان، ئەوا چەندەها رێكخراوی نێودەوڵەتی هەن كە هەوڵی كۆكردنەوەی پارە دەدەن و دەبێت كار لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی رێز لە مافی ئەو خەڵكانە بگیرێت و لە رەوشێكی ژیانی باشدا بن. كەواتە مەسەلەكە دوو لایەنی هەیە، هەم كار بكرێت بۆ راگرتنی ئەو تاوانانەی دژی ئەو خەڵكە ئەنجام دەدرێن، هەم هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی بەو دۆخە ئاوارە و زیانمەند بوون.

درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (993)
Top