داعش لە شنگال تاڵانی دەست پێ كرد.. پەكەكە و یەپەگە بەڵێنیان داوە لە شنگال نامێننەوە
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ) رایگەیاند، چەكدارانی داعش دەستیان بە تاڵانكردنی ماڵی ئێزدییەكان كردووە و هەر كەلوپەلێكیان دەست بكەوێت، دەیبەن و دواتریش بۆ سووریا دەیگوازنەوە، پێش دوو رۆژیش لە ناوچەی گوهبەل بۆ بردنی گەنم چووبوون، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە تۆپباران كران و لە ئاكامدا ئەمیرێكی داعش بە ناوی (عەممار حەسەن) و چوار تیرۆریستی دیكەیش كوژران.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، تا ئێستا 52 كوردی ئێزدی لە دەست چەكدارانی داعش هەڵاتوون و خۆیان گەیاندووەتە چیای شنگال، دواتریش رەوانەی سنووری پارێزگای دهۆك كراون.
(شەشۆ) راشیگەیاند، "داوامان لە هەموو لایەك كردووە كە پێویستە وەكو برا بەرگری لە شنگال بكەین و لایەنەكانیش رەزامەندییان دەربڕیوە و تەنیا بۆ ئەوە رێككەوتن كراوە."
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، سەركردەكانی پەكەكە و یەپەگە بەڵێنیان داوە هەر كاتێك شنگال ئازاد كرا، دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و بە هیچ شێوەیەك لە شنگال نامێننەوە.
kdp.info
