هەڵوێستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ستراتیژی تازەی سەرۆك ئۆباما بۆ لەناوبردنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش
جێگەی شانازییە كوردستان لەبری هەموو جیهان لەسەر ئەرزی واقعدا بەرپەرچی تیرۆریستانی داعشی دایەوە و لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان پێشڕەوییەكانیان وەستان و تووشی شكست هاتن. لەو نێوەدا یارمەتیدان و هاوكاریی وڵاتانی دۆست جێگەی پێزانینە و ئیرادەی خەڵكی كوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشی بەهێزتر كرد.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی نێودەوڵەتیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕیشەكێشكردنی تیرۆر بە بەرز دەنرخێنێت و پێشوازییش لە ستراتیژیی سەرۆك ئۆباما دەكات لە ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و بە خاڵێكی وەرچەرخان لە شەڕی دژی تیرۆر لە قەڵەمی دەدات.
ڕاوەدونان و لێدانی ئەم ڕێكخراوە لە دەرەوەی سنوورەكانی عێراقیش كاریگەریی زیاتری دەبێت لەسەر لاوازكردن و تێكشكاندن و لەناوبردنی تیرۆریستان. لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی هۆكارەكانی بەهێزبوونی تیرۆر و سەرچاوە داراییەكانی تیرۆریستان نەهێڵێت و كاریش بۆ نەهێشتنی زەمینە فكری و كولتووری و سیاسییەكانی گەشە كردنی تیرۆر بكات.
ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی ئێزیدی و مەسیحی و توركمان و دانیشتوانی ناوەندی عێراق و نیشتەجێبوونیان لە هەرێمی كوردستان دۆخێكی نائاسایی لە هەرێمی كوردستان هێناوەتە ئاراوە. هەرێمی كوردستان بەهۆی پابەندبوونی بە بەها مرۆڤییەكان و پرەنسیپەكانی پێكەوەژیان یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكانی بە ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانیی خۆی زانیوە و جێگەی شانازییە گەلی كوردستان بە سینگێكی فراوان باوەشی بۆ ئاوارە و پەنابەران كردۆتەوە. بەڵام ژمارەی ئاوارەكان و ئاستی كارەساتەكان لە تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە. بۆیە پێویستە جگە لە هاوكاریكردنی بەپەلەیان هەوڵی چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەی ئاوارەكان بدرێت ئەوەیش بریتییە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و پاراستنیان لەهەموو جۆرە هەڕەشەیەك. بۆیە جەختكردنەوەی سەرۆك ئۆباما لە بەردەوامبوونی ئەمەریكا بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی مێژووییان گرنگ و كاریگەرە.
هەرێمی كوردستان هەموو توانا ماددی و مەعنەوی و سەربازییەكانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ شەڕكردن لەدژی تیرۆریستان و تێكشكاندن و دەرپەڕاندنیان و ڕزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكان و ڕۆڵەكانی خۆی كردووەتە قوربانی و بەو پەڕی دەستكراوەیی یارمەتیی ئاوارەكانی داوە و لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان بەشداری پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش بووە. ئامادەیی تەواویشی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە تێكشكاندن و لەناوبردنی تیرۆریستان و هاوكاریكردنی هەموو جۆرە هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و یارمەتیدانی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی دانیشتوانی ناوچەكە و چارەسەركردنی بنەڕەتیی ئەو گرفتانەی لە ناوچەكەدا بوونەتە هۆی دەركەوتنی توندڕۆیی و دیكتاتۆری و ناسەقامگیری و تێكدانی ئاسوودەیی هاووڵاتیان.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
11ـی 9ـی 2014
