سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
هەروەک چاوەڕوان دەکرا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ عێراق، سەرۆكی فەرەنسا(فرانسوا ئۆلاند) سەردانی هەولێری پایتەختی كوردستانی کرد.
سەردانەكەی (هۆلاند) بۆ هەرێمی كوردستان، بە زۆر گرینگ ناو دەبرێت، بەو هۆیەوەی کە سەرۆكی فەرەنسایە و یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەندامە لە یەكیەتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەندامی رێكخراوی ناتۆیشە.سەرۆکی فەڕەنسا بە كەسایەتیێکی نزیک لە کورد و دۆستێكی نزیكی (سەرۆك بارزانی) ناو دەبرێت.
پاش پرۆسەی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە، فەرەنسا پێش زۆربەی وڵاتانی دیكە كۆنسووڵخانەی خۆی لە هەولێر كردەوە، لە دوای هێرشی چەكدارانی داعشیش بۆ سەر ناوچەكانی شنگال و مەخموور و جەلەولا، سەرۆكی فەرەنسا پشتیوانیی خۆی بۆ كوردستان و پێشمەرگە راگەیاند.
