جێگری سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کوردستان دەکات

 جێگری سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کوردستان دەکات
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە ڤالێری ئامۆس، جێگری سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی عێراق بکات و سبەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

دیندار زێباری، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی، رایگەیاند:" بڕیارە ڤالێری ئامۆس، جێگری سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی عێراق بکات و سبەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و سەردانەکە تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێ".

دیندار زێباری ئاماژەی بەوەشدا کە "ڤالێری ئامۆس لە سەردانەکەیدا بە یاوەری شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و سەردانی کەمپەکانی ئاوارەکانیش دەکات لە هەولێر و دهۆک".

هاوکات نووسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێکخستنی کاروباری مرۆیی رایگەیاند: "بڕیارە جێگری سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە بەغدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ببەستێ".

ئاماژەی بەوەشدا کە "رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار بۆ کۆمەککردنی ئاوارەکانی عێراق دەکات کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەیە بە تایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەو هاتنی وەرزی زستان".

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئامارەکان، هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار ئاوارەی تێدایە، کە بەشی هەرە زۆریان عەرەبی ئاوارەی پارێزگاکانی عێراقن و بە هۆی هەڕەشەکانی چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش هەڵهاتوون.







رووداو
Top