ئەم ساڵ ژمارەی بەجێهێنەرانی فەریزەی حەج لەسەدا بیست کەمی کردوە
لەمبارەیەوە مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئاینی بە ماڵپەری حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند "هەر ساڵ پشكی حاجیانی عیراق بۆ شاری مەككەی پیرۆز وئەداكردنی فەریزەی حەج بە هەرێمی كوردستانەوە 34000 حاجییە وپشكی هەرێمی كوردستانیش لەم ژمارەیە 4500 حاجییە.
بەڵام ئەم ساڵ لەبەر ئەوەی حكومەتی عەرەبستانی سعودی پرۆژەی بەرفراوانكردن ونوژەنكردنەوەی كەعبەی پیرۆزی دەستیپێكردووە، بڕیاریداوە كە لەسەدا بیستى رێژەی حاجییانی وڵاتانی جیهان لەگەڵ لەسەدا پەنجاى حاجییانی سعودیە كەم بكاتەوە، بۆیە رێژەی حاجییانی هەرێمی كوردستان ئەم ساڵ تەنها 3654 حاجییە كە بڕیارە بەپێی بەرنامەیەكی دارێژراو هەموو لەماوەی یەك هەفتەدا بگوازرێنەوە بۆ عەرەبستانی سعودیە."
سەبارەت بەوەی ئایا وەرزی حەجی ئەم ساڵ هیچ جیاوازیەكی هەیە لەگەڵ ساڵانی پێشووتر، مەریوان نەقشبەندی گوتی "بەهۆی كێشەكانی نێوان هەولێر وبەغدا، ئێستا لە نێو دەستەی حەج و عەمرەی عیراق هیچ نوێنەرێكی كورد نییە، پێشتر سێ بەرپرسی كورد لەم دەستەیە هەبوون، بەڵام بەبریاری نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراقی، هەر سێکیان خانەنشینكراون".
دەربارەی بەرنامەی وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینی بۆ وەرزی حەجی ئەم ساڵ، بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەت روونیكردەوە "لە رووی تەندروستییەوە تیمێكی پزیشكی كە لە 18 پزیشك پێكهاتووە لەگەڵ حاجیاندا دەبێت ولەگەڵ ئەمەشدا بۆ هەموو حاجیەكان کوتانی تایبەت دانراوە بەمەبەستی پاراستنیان لە نەخۆشیەكان ولە رووی ئیداریشەوە، نوێنەری حكومەتی هەرێمی وپەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرمانبەران كە نزیكەی 30 تا 40 فەرمانبەرن لەگەڵ حاجیان دەبن.
لە رووی شەرعییەوەش جگە لەوەی كە مەشق وراهێنان لەسەر چونیەتی ئەداكردنی فەریزەكانی حەج بە حاجیان كراوە، تیمێكی شەرعی كە لە 35 مامۆستای ئاینی پێكهاتووە، لەگەڵ حاجیانی كوردستان سەفەری عەرەبستانی سعودیە دەكەن."
سەبارەت بەوەی ئایا هیچ بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان جگە لەو حاجییانەی كە ناویان دەرچووە سەفەری حەج دەكات، مەریوان نەقشبەندی گوتی "دوای دەرچوونی فەرمانێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە پێش ماوەی دوو ساڵ دەبێت، تائێستا رێگە نەدراوە هیچ بەرپرسێك بەبێ دەرچوونی ناوی سەفەری حەج بكات."
