هۆڵەندا بڕیار لەسەر چۆنێتی هاوكاریكردنی باشووری كوردستان دەدات
د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، داوا دەكات حكومەتی هۆڵەندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش و دەڵێ "ئەمڕۆ پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی دونیا شەڕی دژە تیرۆر دەكات لەپێناو پاراستنی بەها مرۆییەكان".
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئەیلوول بەیاوەری شاندێك لە پەرلەمانتارانی ئێزدی و مەسیحی و كەمە نەتەوەییەكانی دیكەی پەرلەمان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندایان كرد و لەلایەن فرانس تیمەرمان وەزیری دەرەوەو چەند گەورە بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوە پێشوازییان لێكرا.
بەپێی راگەیێندراوێكی پەرلەمانی كوردستان لەو دانیشتنەدا یوسف محەممەد رایگەیاندووە "لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق 8 مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە و قەیرانێكی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا درووستبووە، بەڵام هەرێمی كوردستان بووەتە لانەی ئارامی زیاتر لە ملێونێك ئاوارە، بۆیە پێویستە هۆڵەندا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكارمان بن لەو بوارەدا".
هەر بەپێی ئەو راگەیێندراوە فرانس تیمەرمان وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گوتوویەتی "سوورین لەسەر پاراستنی كوردستان، چونكە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، فاكتەری ئارامی ناوچەكەیە".
دەروون عەبدولكەریم، سكرتێری مەكتەبی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەوە بانگهێشتكراوە كە وێنەیەك لەو دۆخەی ئێستای كوردستان و عێراق بخاتە بەردەستی رای گشتی و بەرپرسانی هۆڵەندا تاوەكو بتوانێت كاریگەری لەسەر دروستكەرانی بڕیار لەوڵاتی هۆڵەندا دابنێت بۆ ئەوەی وەك پاڵنەرێك بێت تاوەكو ئەوان بتوانن بڕیارێكی درووستبدەن".
بە گوتەی دەروون عەبدولكەریم هۆڵەندا زۆر بەجدی دەیەوێت هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات، چونكە وادەزانێت كە ئارامی هەرێمی كوردستان فاكتەرێكە بۆ ئارامی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە كۆتاییشدا دەبێتە هۆی سەقامگیری و ئاسایشی ئەوروپا و جیهان.
سەبارەت بە بەرنامەكانی داهاتووی سەرۆكی پەرلەمان لە هۆڵەندا دەروون عەبدولكەریم گوتی" سەرۆكی پەرلەمان كاژێر 2-ی پاشنیوەڕۆ بە كاتی هۆڵەندا سەردانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەكات و لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی كە بە شێوەیەكی راستەوخۆ داوای هاوكاری لە وڵات و پەرلەمان و رای گشتی هۆڵەندا بكات".
گوتیشی"كاژێر 6-ی ئێوارەیش كۆبوونەوەیەك دەبێت لەنێوان پەرلەمان و وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بۆ ئەوەی لەدوای كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیار بدەن چۆن هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن و ئەمڕۆش بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو پرسە دەدرێت".
رووداو
