ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت به لێدوانێکی دەنگی ئەمەریکا روونکردنەوەیەک دەدات
ئەمەش دەقەکەیەتی:
"وتەبێژێک بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە
بەڕێز لاھور تاڵەبانی بەرپرسی زانیاری، کە بەھەڵە بە بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری ناوی ھاتووە، لە دوا لێدوانیدا بۆ رادیۆی دەنگی ئەمریکا چەند ئاماژەیەکی لەبارەی پرۆسەی پڕچەککردنی پێشمەرگە خستووتەڕوو، کە لێدوانەکەی لەبارەی ھێنان و دابەشکردنی چەک ھیچ پەیوەندی بە پۆستەکەی ئەو نییە. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، کە لە دابەشکردنی چەکدا ناعەدالەتی ھەیە.
دیارە کاک لاھور ئاگاداری پرۆسەی ھێنانی چەک بۆ پێشمەرگە نییە و نازانێت تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی وەرگرتن و دابەشکردنی چەک بەسەر یەکەکانی پێشمەرگە دەکات، ھیچ حزب و لایەنێک بۆی نییە دەست وەربداتە ناو پرۆسەی وەرگرتن و دابەشکردنی چەک. بێگومان رێگە نادرێت ھیچ کەس و لایەنێک بە ھەوڵ و لێدوانی نابەجێ بوار بۆ بە حزبیکردنی پرۆسەی ھێنان و دابەشکردنی چەک خۆش بکات. وەزارەتی پێشمەرگە تاکە لایەنی بەرپرسە بۆ سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە."
