ساڵی نوێی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەستپێدەکات
لە لێدوانێکدا لەگەڵ ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، د.پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، ساڵی نوێی خوێندن لە بەرواری 10 ئەیلولى ئەم ساڵ دەست پێدەکات و"دواخستنی کردنەوەی قوتابخانەکان زیانێکی زۆری هەیە لەسەر قوتابیان لە ڕووی زانستیەوە".
وەزیری پەروەردە ئەوەشی روونکردەوە، ''لە کۆی گشتی 6743 قوتابخانە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، تەنها 700 قوتابخانە ئاوارەی تێدایە، کە زۆربەیان لە پارێزگای دهۆکن''.
شایانی باسە کە 646 قوتابخانە لە دهۆک، زاخۆ، سێمێڵ، ئامێدی، شێخان، بەردەرەش، وئاکرێ، 21509خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێ بووە، کە ژمارەیان 129023 کەسن. ئەمەش بەپێی ئاماری لیژنەی تایبەتی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک، کە لە بەرواری 19 ئاب 2014 تۆمارکراوە.
وەزیری پەروەردە روونیکردەوە کە "قوتابیانی قۆناغی 12ی ئەو قوتابخانانەی ئاوارەیان تێدا نیشتەجێبووە دەست بە خوێندن دەکەن لە کاتی خۆی و شوێنی تایبەتیان بۆ دابین کراوە، وە قۆناغەکانی ترى ئەو قوتابخانانە بۆ ماوەیەک دوا دەخرێت تاکو قوتابخانەکان بەردەست دەبن بە شێوەیەکی گونجاو بۆ وەرگرتنی قوتابیەکان".
د.پشتیوان سادق رایگەیاند کە "پاش چۆڵکردنی قوتابخانەکان ودەرچوونی ئاوارەکان، لە هەر قوتابخانەک لیژنەیەک پێکدەهندرێت، بە سەرۆکایەتی بەرێوەبەری قوتابخانەکە، کەهەڵدەستێت بە پاککردنەوەو نۆژەن کردنەوەیان".
لە لایەکی ترەوە، کاوە عومەر، یاریدەری بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردە، گوتی ''کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، UNHCR، هەڵساوە بە نەخشەکێشانی چۆنیەتی دابەش کردن ونیشتەجێبوونی گشت ئاوارەکانی لەو قوتابخانەکانن، بەپێی ئەم نەخشەیە کەمپیان بۆ دروست دەکرێت''.
بەهەمان شێوە لە شارۆچکەی عەنکاوە، سەر بە پارێزگای هەولێر، ئەو 11 قوتانخانانەی کە ئاوەرەی تێدا نیشتەجێبووە، قۆناغی 12 دەست بە خوێندن دەکات لە کاتی خۆی، لەو شوێنە تایبەتیانەی کە بۆ قوتابیەکان ئامادە کراون.
شایەنی باسە، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەک پێکهاتووە لە پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە، عەلی سندی، وەزیری پلان دانان، دەرباز کۆسرەت، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێبوون، نێچیرڤان ئەحمەد، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەوڵدەدات بۆ دابینکردنی کامپ وهەموو پێداویستیەکانی ئاوارەکانی دهۆک، بە زووترین کات.
