شاندی دانوستاندنکاری کورد گەڕانەوە بەغدا

 شاندی دانوستاندنکاری کورد گەڕانەوە بەغدا
شاندی دانوستاندنکاری کورد لە دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێیان لەگەڵ سەرکردایەتی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان درەنگانێکی شەو گەڕانەوە بەغدا.

زانا رۆستایی، ئەندامی شاندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوای کۆبوونەوەکە و درەنگانێکی شەو بەڕێکەوتین بەرەو بەغدا بۆ ئەوەی هەندێک شت لە نێوان ئێمە و ئیئتیلافی شیعە بۆ پێکهێنانی حکومەت گفتوگۆیان لەسەر بکەین".

رۆژی رابردوو سەرکردایەتی سیاسی کورد لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی و لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ماوەی زیاتر لە 6 کاژێر کۆبوونەوە و لە ئەنجامدا بڕیاریاندا بەشداری حکومەتی عێراق و کابینەی عەبادی بکەن، بە مەرجێک لەماوەی 3 مانگدا داواکارییەکانی کورد بچێتە بواری جێبەجێکردن.

ئەو وەزارەتانەی کە بەر کورد کەوتوون بریتین لە "وەزارەتی دارایی، رۆشنبیری، گەشتوگوزار، کۆچ و کۆچبەران و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناوی وەزیرەکانیان بۆ ئەو پۆستانە یەکلایی نەکردووەتەوە".






رووداو
Top