دوای کۆبوونەوەکەی سلێمانی کورد دوا بڕیار دەدات

 دوای کۆبوونەوەکەی سلێمانی کورد دوا بڕیار دەدات
کەمێک پێش ئێستا شاندی دانوستاندنکاری کورد، گەیشتنە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە حکومەتی نوێی عێراق، کە بڕیارە کاژێر 8ی ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق متمانەپێدانی تاوتوێ بکات.

گەڕانەوەی شاندی دانوستاندنی کورد لە بەغدا، دوای ئەوە هات کە عەبادی دوێنێ بە نامەی فەرمی داوای لە سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمان کرد، تاوتوێکردنی حکومەتی نوێ و متمانەپێدان بە حکومەتەکە بخاتە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان.

داواکاری عەبادی بۆ متمانەپێدان بە حکومەتەکەی بەبێ جێگاکردنەوەی داواکارییەکانی کورد، شاندی دانوستاندنکاری کوردی نائومێد کردووە، لەبەرئەوەش بڕیاری گەڕانەوەیان داوە بۆ کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە حکومەتی نوێ و ئاگادارکردنەوەی ئەو دوو لایەنە لەپشتگوێخستنی داواکارییەکانی کورد، وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی عێراق، بەتایبەتی رەتکردنەوەی داوای ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشیشی داوە.

بە گوتەی فریاد رواندزی، گوتەبێژی شاندەکە بۆ ئەوە گەڕاونەتەوە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە دوایین پەرەسەندنەکانی دانوستاندنەکان ئاگادار بکەنەوە.

رواندزی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لەسەر هەندێک بابەت گەیشتوونەتە رێککەوتن، لەوانە جێبەجێکردنی مادەی 140 لەماوەی ساڵێکدا، بەڵام لەسەر پرسی پێشمەرگە و کۆمەڵێک پرسی دیکەی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی وڵات کێشەیان لەگەڵ بەغدا هەیە و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

زانا رۆستایی ئەندامێکی دیکەی شاندی دانوستاندنکاری کورد ئاشکرایکردووە ، کە پەرلەمانتارانی کورد ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەپێدان بە حکومەتەکەی عەبادی نابن، بەهۆی پشتگوێخستنی داواکانی کورد.







رووداو
Top