فەرماندەیەكی پێشمەرگە: داعش لە مووسڵ تەواو شپرزە و تێك شكاون
فەرماندەی هێزی دووی سوپای پێنجی زێرەڤانی عەمید (مەغدید هەركی) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، لە دوای شەڕی چیای زەرتك زیانێكی مەزن بە داعش گەیەنراوە و ئێستا هێزی پێشمەرگە بۆ گرتنەوەی زۆر شوێنی دیكە لە ئامادەباشیدایە كە لەپلاندا هەن، لەهەمان كاتدا دوای شكستی داعش لەو چیایە ئێستا لەناو مووسڵیش داعش زۆر تێك شكاوە و لاشەیەكی زۆریان بەجێ ماوە و بەشێكی زۆری لاشەكانیش تا ئێستا كۆ نەكراونەتەوە، چونكە چوونەتە ناو دۆڵ و نشێوەكانەوە و ئێستایش 60 لاشەیان بەجێ ماوە و لە نەخۆشخانەی كۆماریی مووسڵیش 80 لاشەیان بۆ براوەتەوە.
عەمید (مەغدید) گوتیشی، "بەپێی زانیاریی ئێمە چوار پزیشكیان گرتووە و كوشتوویانن، چونكە گوتوویانە زانیارییان لەسەر كوژراوەكان داوە، لە كاتێكدا ئێستا "دۆسیە" بۆ مردووەكان دروست ناكەن بۆ ئەوەی ژمارەی كوژراوەكان بشاردرێتەوە".
دەشڵێت، "داعش لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە خەڵكی چەواشە كردووە، لە كاتێكدا واقیعی داعش ئەوەیە كە لە زۆربەی ناوچەكان تێك شكێنراوە و خەڵكی مووسڵیش بڕوایان بە داعش نەماوە و لەناو سەنتەری مووسڵیش شپرزە بوون".
