پێشمەرگە گەییشتە نزیک باشیک
عەبدوڵا مەلا عوسمان لە ژووری عەمەلیاتی میحوەری باشیک ب رایگەیاند" دوێنێ هێرشێکی گەورەمان کرد بۆ چیای زەردک و ئەوێ و 4 گوندی دیکەمان لە ناوچەی باشیک کۆنتڕۆڵکرد و ئێستا ئەو شوێنە ستراتیژییە لە دەستی پێشمەرگەدایە"
جێگری ژووری عەمەلیاتی میحوەری باشیک سەبارەت بە شەهید و بریندارەکانی پێشمەرگە لەو شەڕەدا گوتی" ئێوارەی دوێنێ ئەوان هێرشیان هێنایەوە بۆ گرتنەوەی ئەو شوێنە ستراتیژییە کە بە تووندی وەڵاممان دانەوە و لە ئەنجامدا چەند پێشمەرگەیەکمان شەهید و بریندار بوون و لە بەرامبەردا 50 چەکداری داعشیش کوژران و تەرمی 17 کەسیان لەسەر چیاکە ماوەتەوە و دواتر هەڵهاتن"
بە گوتەی عەبدوڵا مەلا عوسمان "چەکدارانی داعش ئێستا هێزێکی زۆریان بۆ باشیک هێناوە لە بەر ئەوەی دەزانن کە هێرشی ئەمجارەمان بۆ گرتنەوەی باشیکە و دەمانەوێت باشیک کۆنتڕۆڵبکەینەوە"
سەبارەت بەو ناوچانەی ئێستا لە کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان، جێگری ژووری عەمەلیاتی میحوەری باشیک ئاماژەی بەوە کرد کە" ئێستا لە بەرتلە تاوەکوو خازر لە کۆنتڕۆڵی خۆماندایە و هەروەها تاوەکو دووریانی باشیک کە ئیمام رەزا لەوێیە هیچ ترسێکی لێنەماوە و کۆنتڕۆڵکراوە، هێزەکانی ئێمەی لە زنجیرە چیای باشیکیش جێگیرکراون و دولای باشیک ئێستا بە دەستی ئێمەوەیە"
گرتنەوەی باشیک لە پلانی هێزی پێشمەرگەدایە و بە گوتەی عەبدوڵامەلا عوسمان "هەرکاتێک هێزەکانی ئێمە ئەمرمان بۆ بێت دەچینە ناو شارەدێی باشیک و ئێستا ئەوەندە نزیک بوینەتەوە کە بە بیکەیسی دەتوانین لە ناو باشیک بدەین"
رووداو
