دوای كاتژمێر 5ی ئێوارە ئۆتۆمبێلی حكوومی دەستی بەسەردادەگیرێت و شۆفێرەكەشی دەدرێتە دادگا

دوای كاتژمێر 5ی ئێوارە ئۆتۆمبێلی حكوومی دەستی بەسەردادەگیرێت و شۆفێرەكەشی دەدرێتە دادگا
وەزیری ناوخۆ بڕیاردەدات جگە لە وەزیر و بریكاری وەزیر و پارێزگارەكان، هەموو ئەو بەرپرسانەی ئۆتۆمبێلە حكوومیەكانیان كراوەتە ژمارەی شارستانی ئۆتۆمبێلەكانیان لێوەربگیرێتەوە. هاوكات بڕیاریش دەدات لە دوای كاتژمێر 5 ی ئێوارەوە هەر ئۆتۆمبێلێكی حكوومی بێ باج بسورێتەوە دەستی بەسەردابگیرێت.



پاش ئەوەی لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت، وەزیری ناوخۆ لە 19/3/2014 چەند بڕیارێكی بۆ ئۆتۆمبێلە حكوومیەكان دەركرد، جارێكی تر وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە رێنماییەكی تازەدا سەبارەت بە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی حكوومی چەند بڕیارێكی تر دەردەكات.



بەپێی ئەو رێنماییە كە لە 20ی ئابی 2014 دەرچووە، وەزیری ناوخۆ بڕیاریداوە سەرجەم ئەو ژمارە شارستانیانەی دراون بە ئۆتۆمبێلە حكوومیەكان وەربگیرێنەوە بةثيَى ئەو بڕیارە، تەنها ئۆتۆمبێلی وەزیر و بریكاری وەزیر و پارێزگارەكان ناگرێتەوە كە ژمارەی شارستانیان پێدراوە.



بڕیاری ئەوەشدراوە كە لە كاتی نەگەراندنەوەی ژمارە شارستانیەكان فەرمانگەی یاسایی بەرێوەبەرایەتیەكانی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان هەڵدەستێت بە تۆماركردنی سكالاً لە دادگا، دژی ئەوانەی ژمارەكان ناگەرێننەوە، ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەش بگەرێننەوە ئەوە دەبێت هەموو قەرزەكانیان لە لایەن بەشی سزاكانی هاتوچۆ پاك بكەنەوە و ئەستۆ پاكی بكەن.



وەزیری ناوخۆ لە بڕیارەكانیدا ئەوەی خستۆتەروو بەكارهێنانی ژمارەی دەرەوەی هەرێم بۆ ئۆتۆمبێلە حكوومیەكان قەدەغە دەكرێت و دەست بەسەر هەر ئۆتۆمبێلێكی حكوومی دادەگیرێت كە ئەو كارەی كردبێت.



پاش ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ باجی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە دابەش كرد كە دوای دەوام رێگەیان پێدەدرا بەكاربهێندرێن، لەم بڕیارە تازەیەیدا وەزیری ناوخۆ بڕیاریداوە سەرجەم ئەو باجانەی دابەشكراون وەربگرنەوە و دوویارە باجی نوێ دروست بكرێتەوە و بە خواری لای چەپی جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلە حكوومیەكان بدرێت كە رێگەیان پێدراوە دوای دەوام بەكاربهێندرێن.



ئەو بڕیارە ئۆتۆمبێلەكانی فریاگوزاری پۆلیس و ئەنبولانس و ئەوانەی ئامێری ئاگاداركردنەوەیان لە سەر بەستراوە ناگرێتەوە.



لە بڕیارەكاندا هێما بۆ ئەوە كراوە، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی دوای دەوام بێ باج بەكاردەهێندرێن دەستیان بەسەردادە گیرێت و داوای یاسایشیان لە سەر تۆمار دەكرێت.

وەزیری ناوخۆ جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە لە دوای كاتژمێر 5ی ئێوارە هەر ئۆتۆمبێلێكی بێ باج بسورێتەوە دەستی بەسەردادەگیرێت و كاردانەوەی یاسایشی لە بەرامبەر دەكرێت.
Top