ئەردۆگان دەیەوێت سەرۆكێكی بەهێز بێت بۆ ئەوەی توركیای نوێ بەرەو ئایندەیەكی گەش ببات

ئەردۆگان دەیەوێت سەرۆكێكی بەهێز بێت بۆ ئەوەی توركیای نوێ بەرەو ئایندەیەكی گەش ببات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان سامی كۆهین رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركی بۆ گوتى: بۆ ماوەیەكی زۆر بوو بەڕێز ئەردۆغان ئەمەی دەویست و پشتیوانی ئەم سیستمەی كرد و خوازیاری ئەم گۆڕانكارییە بوو. بە دڵنیاییەوە لەو كاتەوەی كۆماری توركیا نوێ دامەزراوە، پێڕەوی سیستمی پەرلەمانی كراوە، وەك پێشتریش بینیومانە لە چوارچێوەی سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆك كۆمار دەسەڵاتێكی زۆر سنوورداری هەبووە و زیاتر وەك كەسایەتیەكی رەمزی بووەو بەپێی دەستووری توركیاش نەدەبوو سەر بە هیچ پارتێكی سیاسی بێت و لە سەرووی سیاسەتی رۆژانەوە بێت.

هەروەها سامی كۆهین گوتی: پڕۆفیسۆر داود ئۆغڵۆ كە پێشتر كەسێكی ئەكادیمی بووە، دە ساڵ ئەزموونی لە سیاسەت و دیبلۆماسیدا هەیە و لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا وەزیری دەرەوە بووە، ئەندامی پەرلەمانیشە. ئەو توانای رۆشنبیری و تمووحی سیاسی تێكەڵ كردووە. لەو كۆبوونەوەی ئاك پارتی- كە پێشتر ئاماژەم پێكرد-، وەك سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو دەركەوت و بە كۆدەنگی دەنگی لەسەر درا. ئێستا ئەو بەڕاستی و بە فەرمی كراوە بە سەرۆك وەزیران، ئەگەرچی لە ئێستادا سەرقاڵی دروستكردنی كابینە نوێی حكومەتە و پێویستە بە متمانەی پەرلەمانەوە لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا تەواو بێت. پڕۆفیسۆر داود ئۆغڵۆ رۆشنبیرێكە و پڕۆژەی درێژخایەنی هەیە دەربارەی ئەوەی دەبێت توركیا لە هەمو بوارەكانی ژیاندا بیكات، لە بواری سیاسەتی ناوخۆدا، لە بواری دیموكراسی و ئازادی رادەبڕین و .. هتد، هەروەها لە بواری ئابووری و كەلتوور و كاروباری دەرەوە. لەو كۆبوونەوەی بە كۆی دەنگ، دەنگی لەسەر درا، وتارێكی درێژی پێشكەش كرد و پڕۆگرامێكی نۆ خاڵی خستەڕوو، كە جۆرێكە لە ئایدیا و لە نەخشەڕێگە بۆ توركیا، كە پتر هاوشێوەی ئەوەیە كە پێشتر بەڕێز ئەردۆغان وتی و پلانی بۆ دانابوو، كە توركیایەكی سەقامگیر و بەهێزی دەویست، بەڵام بەدڵنیاییەوە چاكسازی و گۆڕانگاری زۆریشی ئەنجامدا لە ئابووری و سیاسەتی ناوخۆی و بوارەكانی دیكەی چالاكیدا. مەسەلەكە ئەوەیە ئاك پارتی بەردەوام دەبێت.
شاياني باسە كوهین گوتی: ئەرۆدغان و بەڕێز داود ئۆغڵو ئەم دوو كەسایەتیە زۆر باش ناسراون بەوەی كاریان بۆ ئەوە كردووە پەیوەندی نزیكیان لەگەڵ كوردستاندا هەبێت، ئەوان ئەندازیاری ئەوە بوو، لە نزیكەوە لە نێوان ئەنقەرە و هەولێر هاوكاری هەبێت. كەواتە چاوەڕێی ناكرێت ئەم ئیدارە نوێیە لە ئەنقەرە بایەخێكی كەمتر بەم پرسە بدات، بەڵكو بەردەوامیدانێك دەبێت بە هەمان سیاسەت بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكان بدرێت و بواری نوێ بكرێتەوە بۆ هاوكاری. بە دڵنیاییەوە یەكێك لە ئاماژەكانی ئەو هاوكارییە بەم دواییە لە بواری وزەدایە، لە بواری نەوتدایە كە لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێت و هەناردە دەكرێت بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕە دەرەكییەكان. كەواتە لە رووی ئابووری و سیاسی و كەلتوورییەوە، هەماهەنگی زیاتر و پەیوەندی زیاتر لە نێوان هەردولادا دەبینین.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (991)

Top