ئەگەر حەیدەر عەبادی نەتوانێت هەڵەكانی مالیكی راست بكاتەوە عێراق وەك دەوڵەت بوونی نامێنێت

ئەگەر حەیدەر عەبادی نەتوانێت هەڵەكانی مالیكی راست بكاتەوە عێراق وەك دەوڵەت بوونی نامێنێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پیتەر كراوس تایبەتمەند لەسەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوتى: ئەنجومەنی ئاسایش پێشتر هەوڵیدا دەستێوەردان لە سوریا بكات، بەڵام تا راددەیەك چین و هەروەها بە راددەیەكی گەورەتریش رووسیا رێگرییان لێكرد، لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوە هەبوو رژێمەكەی ئەسەد بكاتە ئامانج. ئەوەی پەیوەندی بە پرسیارەكەی ئێوەوە هەبێت دەربارەی بەدواداچوونی داعش، ئەوا لە لایەكەوە ئەگەرێكی زۆر هەیە، لەبەر ئەوەی داعش دوژمنی ئەسەدە، ئەگەرچی ئەو راستەوخۆ نەكەوتۆتە رووبەڕووبوونەوەیان بە چەشنی گروپەكانی دیكە، بەڵام بە دڵنیاییەوە نیگەرانە لەبارەی داعشەوە، چونكە داعش دەست بەسەر بنكەیەكی ئاسمانیدا گرت لە سوریا، بۆیە پێموایە ئەگەرێكی زۆر هەیە كە ئەگەر هاتوو ئەمریكا و رووسیا و هێزە مەزنەكانی دیكە لە نێو ئەنجومەنی ئاسایشدا بیانەوێت كارێك بكەن، ئەوا بۆی هەیە بتوانن بگەنە بڕیارێك لەبارەی داعشەوە لە سوریا.

هەروەها پیتەر گوتی: بە داخەوە داهات و چەك و ژمارەی داعش ئەوەندە زیادی كردووە كە ئەگەر بخوازرێت ئەم ڕێكخراوە لاواز بكرێت، ئەوا پێویستە وڵاتان شەڕی داعش بكەن و توانای سەربازییان لاواز بكەن و لە شارەكانی وەك موسڵ و رقە و شوێنەكانی دیكە دەریان بكەن، بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا لەناویان ببەن. ئەوەی دەقاودەق گرنگترە، هەروەك ئێوە ئاماژەی پێدەكەن، داعش گروپێكی سەد هەزار كەسی نییە، بەڵام بە سەدان هەزار كەس هەن كە ئەوان كۆنترۆڵیان كردوون و بە راددەی جیاواز پشتیوانییان لێدەكەن، هەر بۆنموونە لە كۆنتڕۆڵكردنی رقە لە رۆژهەڵاتی سوریا بینیمان. هۆكاری ئەوەش دەقاودەق ئەوەیە كە خەڵكی سوننە هەست دەكەن پەراوێز خراون لەلایەن حكومەتەوە لە سوریا بێت، یان لە عێراق و پێیانوایە نە مافی یەكسانیان هەیە و نە دەسەڵاتی یەكسانیشیان هەیە، ئەگەرچی عەرەبی سوننە زۆرینەن لە سوریا، بەڵام ئاشكرایە دەسەڵاتێكی زۆریان نییە لە رژێمەكەی ئەسەددا.

شايانی باسە كراوس گوتی: داعش ئەوەندە بەهێز بووە و ئەوەندە خاكی كۆنتڕۆڵ كردووە، كە پێویستی بە ژمارەیەك سەربازی باش راهێنراو هەیە بۆ ئەوەی پاشەكشەیان پێبكات. بەلای كەمەوە لە ئێستادا ئەمریكا و هێزە دەرەكییەكان باسی بڵاوكردنەوەی ژمارەیەكی زۆری هێزی زەمینی ناكەن بۆ شەڕكردن لە دژی داعش. بەڵام رەنگە هێرشی ئاسمانی چڕتر بكرێتەوە، لە مەودایەكی سنوورداردا رەنگە هێزی ئەمریكی رەوانە بكرێت و ئینجا شەراكەت بكرێت لەگەڵ هێزەكانی زەمیندا كە دوو هێزی پەیوەندیدار لەم رووەوە بریتین لە هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(991)
Top