لە مانگی ئابدا نزیكەی دوو هەزار كەس لە موسڵ كوژراون
سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ بە پەیامنێری راگەیاند؛ لە مانگی ئابدا لە شاری موسڵ ١٩٧٩ كەس كوژراون کە ١٥٧٣ کەسیان لە گرووپی تیرۆرستی داعشن و ٤٠٦ كەسیش هاووڵاتی مەدەنین كە زۆربەیان كوردی ئێزدین و ٢٠ منداڵ و ١٦ ئافرەتیش لە نێو قوربانییەکاندان.
بەشێك لەو قوربانییانە لەسەر چیای شنگاڵ بەهۆی تینوێتی و برسیەتی گیانیان لە دەستداوە.
سەعید مەموزینی باسی لەوەشکرد لە ماوەی هەشت مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٣٧٦٩ كەس لە سنوری پارێزگای موسل كوژراون.
بە گوتەی مەموزینی، ئەمڕۆ دووشەممە بوردۆمانكردنی بنكە و بارەگاكانی چەكدارانی داعش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە دەستی پێكردۆتەوە و لەبەرامبەردا تیرۆرستانی داعش لە هەندێ ناوچە هاوەن ئاراستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكەن.
