وەزارەتی پێشمەرگە: جارێكی دیكە تیرۆرستان چاویان بە بەنداوی مووسڵ ناكەوێتەوە
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە (هەڵگورد حیكمەت) بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، بەنداوی مووسڵ لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەدایە و هەرگیز جارێكی دیكە تیرۆرستان ناتوانن چاویان بەو بەنداوە بكەوێتەوە.
گوتیشی، "زۆر بەداخەوە بۆ "سۆمەریەنیوز" كە هەواڵی لەو شێوەیە بڵاو دەكاتەوە گوایە بەنداوەكە لە لایەن چەكدارانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیراوەتەوە، چونكە ئەو هەواڵانە تەواو لە ڕاستییەوە دوورن".
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، ماڵپەڕی "سۆمەریەنیوز" و هەندێ لە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە كە بەنداوی مووسڵ جارێكی تر لە لایەن چەكدارانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیراوەتەوە و نزیكەی 200 پێشمەرگەیشیان دەستگیر كردووە.
