بەیاننامەیەك لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی كوردستانییەوە

 بەیاننامەیەك لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی كوردستانییەوە
بەئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەركردایەتیی كوردستانی، كۆبوونەوەیەكی بەست كە تەرخان كرابوو بۆ گوێگرتن لە شاندی كوردستانیی ڕاسپێردراو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتیمانی و سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان. شاندەكە، جەختی لەسەر پابەندبوون بەو ئاراستە بنەڕەتییانە كردەوە كە لە ڕاسپاردەكانی سەركردایەتی و پاكێجی ئامادەكراوی دانوستاندا هاتوون، هەروەها شاندەكە ئاماژەی بەوە دا كە پەرۆشی ئەوە بوون بایەخێكی زۆر بەسەركەوتنی دانوستاندنەكان لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتیمانی و بەڕێز عبادی بدەن، هەروەها پەرۆشی ئەوە بوون زەمینەیەكی ئیجابی لەگەڵ نوێنەرایەتییکردنی پێكهاتەی سووننە ساز بكەن.

لە نێو ڕاپۆرتی شاندەكەدا هێما بەوە دراوە كە لە گفتوگۆكاندا ئاماژەیان بەپێكەوەگرێدانی داواكارییەكان و كێشەكان داوە و مومكینیش نییە لێك داببڕێندرێن. ئیستیحقاقی سەرەكی كە پێویستە جەختی لەسەر بكرێتەوە، زیندووكردنەوەی ڕێڕەوە دەستوورییەكان و پابەندبوون بەجێبەجێ كردنیانەوە بێ بەشبەش كردنیان، هەروەها كاراكردنی پرۆسەی دیموكراسییەتی سیاسی و چەسپاندنی بەهاكانی هاووڵاتییبوون و هاوبەشی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و نیشتیمانی و ئامادەسازیی هێزە میللییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری داعشییەكان و تێكشكاندنیان.

كۆبوونەوەی سەركردایەتی لەگەڵ شاندی دانوستاندندا، گەیشتە ئەوەی كە لە پرۆسەی گۆڕنكاریدا گرینگ ئەوەیە ئەو ڕەگەز و بنەمایانەی تەنگژەكان وەلاوە بنرێن كە بوونە هۆكاری ئەم بارە ناهەموارانە و داڕووخانی ئاساییش، لەپاڵ ڕەگەزە كەڵەكەبووەكانی داڕزانی پرۆسەی سیاسی و پێشێلكردنی دەستوور و هەڵوەشانەوەی پرۆسەی سیاسی. خۆ ئەگەر سیماكانی بەرنامەی حكوومەت ڕوون نەبێتەوە و هەروەها گرێنتی باوەڕپێكراو بۆ پابەندبوون بەڕێككەوتنەكانەوە نەبێت، ئاستەنگ دەکەوێتە بەردەم ڕێككەوتنەكان و مەترسیی شكستهێنانی هەوڵە نیشتیمانییەكان بۆ ڕزگاركردنی وڵات باڵ بەسەر كاروبارەكاندا دەکێشێت و دواجار ئەو هەوڵە نیشتیمانییانە لەبار دەبرێن و حكوومەتی داهاتووش بارمتەی دەستی ئەو مەترسییانە دەبێت.

سەركردایەتیی كوردستان، لە كاتێكدا بەڕوونی پاڵپشتی خۆی و ئامادەبوونی بۆ بەشداریی لە سەركەوتنی پێكهێنانی حكوومەت بەپێی پێڕەوە دەستوورییەكان ڕادەگەیەنێت، هەروەها كاركردن لەگەڵ هاوبەشەكاندا لە نوێنەرانی پێكهاتە نیشتیمانییەكان لە پێناو ئەوەی قۆناغی داهاتوو بكرێتە سەكۆیەك بۆ هەستانەوەی عێراق و ڕزگاركردنی لەو تەنگژە و تەحەدایانەی کەوتوونەتە بەردەمی. كۆبوونەوەكە جەختیش دەكاتەوە، ئەو ئەركە پێویستی بەپابەندبوون بەبەرنامەیەكی حكوومەتیی بەرجەستەوە هەیە كە وەڵامدەرەوەی ئەو ئیستیحقاقانە بێت کە لایەنە عێراقییەكان و پێكهاتەكان و هێزە زیندووەكانی گوزارشتی لێ دەكەن و زۆر پێویستن بۆ سەركەوتنی حكوومەت و دەتوانێت كۆتایی بەم بارە قەیراناویە بێنێت كە هەڕەشەی مەترسیی زیاتری لەسەرە.

هێندەی پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە، سەركردایەتیی كوردستانی لەو باوەڕەدایە كە جێبەجێكردنی دەستوور و ڕێڕەوی دیموكراسی، لە هەر كاتێك زیاتر بۆ عێراقییەكان پێویستترە، تەئكیدیش دەكاتەوە كار گەیشتە گەمارۆی ئابووری و بڕینی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی توانا سەربازییەكانی پێشمەرگە و سەرفنەكردنی موستەحەقاتی، لەناوبردنی هۆکاری ئەو قەیرانانەی بەردەوام بۆ هەرێم دروست دەكرێن، ئەركی لەپێشینەن و ئەولەویەتیان هەیە بۆ بەشدارییەكی كارا لە پرۆسەی سیاسی و حكوومەتی داهاتوودا.

سەركردایەتی سیاسیی كوردستان شاندی دانوستانی ڕاسپارد، بەپێی ئەو پاكێجە ئامادەكراوەی دانوستاندن بجووڵێنەوە كە سەركردایەتی سیاسی پەسەندی كردووە، هەروەها تەئكیدكردنەوە لەسەر بەرنامەی حكوومەت لە چوارچێوە دیموكراسی و دەستوورییەكەیدا، بەو مەرجەی حكوومەت لەبەردەم پەرلەماندا پابەندبوونی خۆی بەداواكارییەكانی گەلی كوردستانەوە ڕابگەیەنێت و بیخاتە بەرنامەی كاری حكوومەتەوە.
كۆبوونەوەكە پێیوایە پێویستە:

-مووچەی كەڵەكەبووی فەرمانبەرانی هەرێم و موستەحەقاتەكانی دیكە دەمودەست سەرف بكرێن.
-سەرفكردنی پارەی پێویست بۆ دابینكردنی پێویستییەکانی ئاوارەكان و پێداویستییە ئینسانییەكانیان.
-پاڵپشتیكردنی ئەركە سەربازییەكانی پێشمەرگە لەدژی داعش و تیرۆر بەهەموو جۆر و شێوازەكانییەوە.
كۆبوونەوەكە سڵاو و سوپاسی ئاراستەی تێكڕای ئەو دەوڵەت و حكوومەتانە كرد كە پشتیوانیان لە گەلی كوردستان كردووە و دەكەن.

هەولێر – سەلاحەددین
25/8/2014
Top