كورد بۆ چوونەناو حكوومەت داوای گەرەنتی دەكات
گوتەبێژی شاندی دانوستانكاری كورد (فریاد رەواندزی) بە kdp.info-ی راگەیاند، "ئێمە ئەمڕۆ گەیشتینەوە هەولێر و بڕیارە سەعات3:30 لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم و سەركردایەتیی هێزە سیاسییەكاندا لەبارەی ئەو كۆبوونەوانەی كە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا كردوومانن كۆ ببینەوە، كە دوو كۆبوونەوەمان لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانی و كۆبوونەوەیەكی دیكە لەگەڵ یەكێتیی هێزە عێراقییەكان كە سوننەیە و هەروەها لەگەڵ ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی (ئەیاد عەللاوی) رەوتی سەدر و ئەنجوومەنی باڵایش كۆ بووینەتەوە".
گوتەبێژی شاندی دانوستانكاری كورد گوتیشی، "لەو كۆبوونەوانەدا ئێمە بیروڕامان گۆڕیوەتەوە، بە تایبەت لە كۆبوونەوەی یەكەم و لە كۆبوونەوەی دووەمدا لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە داوامان كرد پێویستە هەڵوێستان ڕوون بێت و بەرنامەی حكوومەتی هەموو داواكارییەكانی كوردی تێدا جێ بكرێتەوە، لەوانە ماددەی140 و پرسی نەوت و پێشمەرگە و بودجە".
(فریاد رەواندزی) ڕوونیشی كردەوە، "داوامان كردووە كە هەڵوێستێكی ڕوونیان لەبارەی بڕینی بودجەی هەرێم لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە".
ئەو زیاتر ڕوونی كردەوە، "لە دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ سەركردایەتیی كورد، دواتر دەچینە ناو وردەكارییەكانەوە لەگەڵ لایەنەكاندا".
(رەواندزی) راشیگەیاند، "بە شێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكان لە كەشێكی ئیجابیدا بە ڕێوە چوون، بەڵام ئێمە دەمانەوێت كارنامەی حكوومەت ڕوون و ئاشكرا بێت و پێش ئەوەی كارنامەكە پێشكەش بكرێت، ئێمە بیبینین و گەرەنتییش هەبێت ئینجا رەنگە یوئێن و وڵاتانانی دەوروبەر و مەرجەعەكان بن، چونكە ئێمە زۆر بەپەرۆش نین بچینە ناو حكوومەتێكەوە ئەگەر داواكارییەكانی ئێمە رەچاو نەكرێن".
