زۆربەی ئەو شوێنانەی داعش گرتبوویان كەوتوونەتەوە دەست هێزی پێشمەرگە
بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزی زێرەڤانی (د. ئازاد حەوێزی) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "لە هەموو سنوورەكاندا پێشمەرگە باڵادەستە كە بەوپەڕی مەعنەویاتەوە شەڕ دەكەن و هیچ گرفتێك لە ئارادا نییە، بەڵام ئێمە كارەكانمان بە شێوەی ڕێنمایی و فەرمان ئەنجام دەدەین، زۆربەی ئەو شوێنانەیش كە داعش گرتبوویان، كەوتوونەتەوە دەست هێزی پێشمەرگە، بۆ نموونە بەنداوی مووسڵ بە تەواوی كەوتووەتەوە دەست هێزی پێشمەرگە و لە هەمان كاتدا چەند گوندێك لە خوار بەنداوەكەوە لە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان".
دەربارەی هاوكارییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی جیهان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، گوتەبێژی هێزی زێرەڤانی دەڵێت، "لە ڕێگەی فڕۆكەی جەنگییەوە گورزێكی كوشندە لە هێزەكانی داعش دراوە، بۆیە بۆردوومانكردنی بنكە و بارەگاكانی داعش بەردەوام دەبێت تا دوا ئامانج دەپێكرێت، ئێستایش هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی گەیشتنی چەك و تەقەمەنیی زیاترە كە بەم زووانە دەگەنە دەست هێزی پێشمەرگە".
