وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێک دەردەکات

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێک دەردەکات
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان، بۆ کەمکردنەوەی رۆتیناتی وەزارەتەکە و گشت پەروەرەکان چەند بڕیارێک دەر دەکات.



ھاجەر داود گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ "باسنیوز" رای گەیاند: وەزیری پەروەردە چەند بڕیارێکی بۆ کەمکردنەوەی رۆتینات و بەرێوەچوونی مامەڵەی ھاوڵاتیان لە چوارچێوەی گشتاندنێک دەرکردووە، گوتیشی: بەپێی نووسراوی گشتاندنەکە نابێت ھیچ بەرپرسێک لەسەر حیسابی دواخستنی کاروباری ھاوڵاتیان کۆبوونەوە بکات و گلەیی لەسەر وەزارەت دروست بکات، ھەروەھا پرسگە و فەرمانبەر و بەرپرسی راسپێردراو دەبێت بە دڵێکی فراوان مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکات و مامەڵەکانیان وەربگرن.



گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئەوەشی خستەڕوو: وەزیری پەروەردە ئەوەشی بڕیارداوە کە نابێت ھاوڵاتیان بە مامەڵەکانیان ماندوو بکرێن، گوتیشی: بۆ کارئاسانی نابێت بێنەوبەردە بە ھاوڵاتیان بکرێت، بەڵکو ژمارە تەلەفۆنیان لێوەربگیرێت و وەڵامیان بدرێتەوە و لە سەرەتاشەوە پێیان بگوترێت کارەکانیان بەپێی رێنمایی و بڕیارەکان دەکرێت یاخود ناکرێـت.



بە گوتەی ھاجەر داورد ئەو بڕیارانە لە ١٨ی ئاب بۆ ھەموو بەشەکانی وەزارەتی پەروەردە و پەروەردە گشتیەکانی ھەرێمی کوردستان رەوانەکراون بۆ جێبەجێکردنیان.

Top