عوسمانی حاجی مەحموود و مام رۆستەم وازیان لە گۆڕان هێنا
ئەو سەرچاوەیە هۆكاری وازهێنانی عوسمانی حاجی مەحموودی بۆ بوونی كێشەو و گرفت لە سەر میكانیزمی وەرگرتنی بڕیاری سیاسی و دیاریكردنی وەزیرەكانی كابینەی هەشتەم گێڕایەوە و، ماوەیەكیشە پڕۆژەو قسەو دانیشتن لە نێوان ژمارەیەك هەڵسوڕاوی باڵای گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە كراوە، بەڵام سەرئەنجام ئەمرۆ كێشەو قەیرانەكان بەبنبەست گەیشتن و دەستیان لەكاركێشایەوە .
لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ 23ی ئابی 2014 ، مام رۆستەم، یەكێك لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، وازهێنانی خۆی لە بزووتنەوەكە راگەیاند.
مام رۆستەم لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "وازمان لە بزووتنەوەی گۆڕان هێناوە و لە ئاییندەدا هۆكارەكانی وازهێنانمان بۆ رای گشتی رووندەكەینەوە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، كە ئایا نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كردووە، مام رۆستەم گوتی "وازمان هێناوە و ئەو شتانەی پێناوێ ، لەناو گۆڕان شتی نووسراو و رەسمی نییە ، چۆن هاتین هەر واش وازمان هێنا".
سەبارەت بە راستی هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی عوسمانی حاجی مەحموود لە گۆڕان، مام رۆستەم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" بەڵی كاك عوسمانیش دەستی لەكاركێشاوەتەوەو ئەوەتا لە تەنیشتم دانیشتووە، ئێمە ژمارەیەكی زۆرین كە وازمان هێناوە، بەڵام ناتوانم ژمارەكەتان پێبڵێم".
عوسمانی حاجی مەحموود ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ینشتیمانی كوردستان و ماوەیەكیش وەزیری ناوخۆ بوو، لە هەڵبژاردنی 25ی تەممووزی 2009 لەگەڵ هەر یەك لە (مستەفای سەید قادر و جەلال جەوهەر عومەری سەید عەلی) بە فەرمی لە مەكتەبی سیاسی و تەواوی ئۆرگانەكانی یەكێتی كشانەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا جێگری پێشووی سكرتێری یەكێتی لیستی گۆڕانیان راگەیاند و 25 كورسیان لە پەرلەمانی كوردستان بەدەستهێنا.
عوسمانی حاجی مەحموود كە خەڵكی گەرمیانە، ماوەیەك پێش كۆنگرە لەگەڵ قادری حاجی عەلی و سالار عەزیز لەكاركردن لەگەڵ گۆڕان كشانەوە، دواتر لەگەڵ قادری حاجی عەلیدا بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی گۆڕاندا كرد .
رووداو
