ئەمڕۆ، فێستیڤاڵی سەربەخۆیی لە پارێزگاكانی هەرێم بەڕێوە دەچێت
بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی سەربەخۆیی گەلی كوردستان، ئەمڕۆ 23/8/2014 لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان فێستیڤاڵی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێت، لە پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدیش سەعات 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێوڕەسمەكە بەڕێوە دەچێت. ڕاسپێردراو بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە فێستیڤاڵەكە (شنە وشیار هەورامی) بۆ KDP.info گوتی، "ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری باش بۆ بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵە كراوە، سەرجەم خەڵك و لایەنە سیاسییەكان ئاگادار كراونەتەوە و بە خۆشحاڵییەوە خەڵك پشتگیریی ئەو هەنگاوە دەكەن، سەرجەم لایەنەكانیش بە بێ جیاوازیی بیركردنەوەی سیاسی بەشداری تێدا دەكەن".
(شنە) ئەوەیشی خستە ڕوو، پەیامی سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە و حزب و لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی هەڵەبجە بە ناوی گەلی كوردستانەوە دەخوێنرێتەوە كە خۆی لە داواكاریی كورد بۆ سەربەخۆییدا دەبینێتەوە.
گوتیشی، "شوێنی فێستیڤاڵەكە لە پەیكەری شەهیدعومەری خاوەرەوە دەست پێ دەكات بۆ بەردەم باخی گشتی لە شاری هەڵەبجە".
هاوكات لە شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆكیش هەمان فێستیڤاڵ ئەنجام دەدرێت.
