پێشمەرگە پێنج گوندی دیکەی کۆنتڕۆڵکردو ژمارەیەک چەکداری داعش کوژران

پێشمەرگە پێنج گوندی دیکەی کۆنتڕۆڵکردو ژمارەیەک چەکداری داعش کوژران
بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی مووسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ لە میحوەری نەوەران ھێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە پێنج گوندی دیکەی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکەن, ھەروەھا دوێنێ زیاتر لە چل چەکداری داعش لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە کوژراون و تەرمەکانیان ئەمڕۆ گەیشتۆتە مووسڵ.



سەعید مەمووزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لە ئەنجامی شەڕی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لەسنوری پارێزگای مووسل بەردەوامە و ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی ٤٠ چەکداری داعش گەیشتووتەوە شاری مووسڵ و لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە کوژراون، بەڵام لەبەر رەوشی ناوچەکە ناتوانم ناوی ئەو ناوچەیە بڵاو بکەمەوە، کە ئەو چەکدارانەی داعش تێیدا کوژران، لەو ٤٠ تەرمە دوازدە تەرم رەوانەی گەڕەکی سۆمەری نێو شاری مووسڵ کراون.

مەمووزینی گوتیشی: ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە لە سنوری نەوەران پێشڕەویکردووە و توانیویانە پێنج گوندی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و وازدە کیلۆمەتر پێشڕەوی بکەن، ئەوەش دوای ئەوە دێت ھێزی پێشمەرگە تاکتیکی شەڕی خۆی لەگەل داعش گۆڕیوە و بەردەوام لە پێشڕەویدایە.
Top