مووچەی پێشمەرگە زیاد دەكرێت

مووچەی پێشمەرگە زیاد دەكرێت
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئیداره‌ی گه‌رمیان ‌و خانه‌قینی به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا رایگه‌یاند، به‌هاوكاری وڵاتان كۆتایی به‌م قه‌یرانه‌ی‌ ئێستا ده‌هێنرێت و مووچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ش هاوشێوه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ده‌كه‌ن.

كامه‌ران سوبحان، سكرتێری رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ وه‌فدێكی‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان، سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانیان كردو له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆبونه‌وه‌، پاشان وه‌فده‌كه‌ بۆ ئاگاداربون له‌ ره‌وشی په‌نابه‌ران، سه‌ردانی كه‌مپی ئاواره‌كانیان كرد.

روونیشیكرده‌وه‌: له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاندوه‌، ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ بۆ ئاگاداربوون بوو له‌ دۆخی ئاواره‌كان و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چونی كاره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ.

وتیشی: "به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌رچوه‌، ده‌بێت ده‌رماڵه‌ی مه‌ترسییان بۆ خه‌رج بكرێت و جگه‌ له‌وه‌ش مووچه‌كانیان هاوتای وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ بكرێت".

راشیگه‌یاند: سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆر به‌هیمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هاوڵاتیان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م قه‌یرانه‌ تێده‌په‌ڕێنن، به‌ڵام دوای كۆتایی هاتنی ئه‌و قه‌یرانه‌ ده‌بێت پێداچونه‌وه‌ بۆ خۆیاندا بكه‌ن.






خه‌ندان
Top