رۆژی كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان دیاریكرا

 رۆژی كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان دیاریكرا
بە مەبەستی گەیاندنی داوای گەلی كورد بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و داخوازیی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، لیژنەی ئامادەكاری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان بانگەوازێك ئاراستەی لایەنگرانی سەربەخۆیی كوردستان دەكات و داوا دەكات رۆژی" 23-8-2014 كوردستانیان كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی بەڕێوەببەن".

لیژنەی ئامادەكاری كەرنەڤاڵەكە لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بەو پرسە رایدەگەیەنێت، "بڕیارە رۆژی 23/8/2014 كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا ئەنجامبدرێت بۆ گەیاندنی داوای گەلی كورد و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان".

هاوکات لیژنەكە داوا لە "هاوبیرانی سەربەخۆیی کوردستان" دەكات، کە "هاوكارمان بن بۆ ئاراستەكردنی پەیامی سەربەخۆیی ئێوە بە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئامادەبوونتان رۆحی شەهیدان شاددەكات و ئەمەیش ئامادەكارییەكە بۆ گەیاندنی پەیامی سەربەخۆیی كوردستان بە هەموو جیهان و هێنانەدیی كوردستانێكی سەربەخۆ".

بە بڕوای لیژنەی ئامادەكاری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان، "ئامادەبوونی زیاتری چین و توێژەكانی كوردستان بە جلوبەرگی كوردییەوە، كەرنەڤاڵەكەمان سەركەوتووتر دەكات و داواكەمان بەهێزتر دەبێت".

سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی كەرنەڤاڵەكە لە هەولێری پایتەختی كوردستان، لیژنەی ئامادەكاری كەرنەڤاڵەكە رایدەگەیەنێت، "كاژێر 5ی ئێوارەی رۆژی 23/8/2014 لە شەقامی 100 مەتری لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، رێپێوانێك دەستپێدەكات و چەندین چالاكیی هونەریش ئەنجامدەدرێن".









رووداو
Top