چوار فڕۆكەی سەربازی ئەمریکی گەیشتنە هەولێر

 چوار فڕۆكەی سەربازی ئەمریکی گەیشتنە هەولێر
کەمێک پێش ئێستا چوار فڕۆکەی ئەمریکی کە کۆمەڵێ شارەزای سەربازییان هەڵگرتبوو گەیشتنە هەولێر.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: '' 4 فڕۆکەی جۆری V-22-OSPREY لە ئاسمانی هەولێر بینران و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نیشتوونەتەوە، ئەو فڕۆکانە بۆ کاری سەربازی و گەیاندنی کۆمەک بەکاردێن، بەڵام پلەو پۆستی ئەو کەسانە ئاشکرانییە کە هاتوون بۆ هەولێر، بەڵام کۆمەڵێك کەسی شارەزای سەربازی لە فڕۆکەکان دابەزیوون و لەلایەن چەند بەرپرسێکی سەربازی و سیاسییەوە پێشوازیان لێکراوە''.

عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاری نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: ''شتێکی نامۆ نییە، کە فڕۆکەی ئەمریکی دەگمەن لە ئاسمانی کوردستان ببینرێن و لە ئێستادا ئێمە ناتوانین بە وردی باس لەو کەسانە بکەین، چونکە قسەیەکی وا هەبووە کە رێژەی ئەو فڕۆکانە لە هەرێمی کوردستان زیادبکرێت، بەڵام بڕیاروایە کە راوێژکاری سەربازی ئەمریکی زیاتر بگەنە باشووری کوردستان، پێشبینی دەکەم ئەو فڕۆکانە هەر راوێژکارە ئەمریکییەکانیان هەڵگرتبێت''.

هەڵگورد حیکمەت گوتیشی: ''خەڵكی لە ئایندەیەكی نزیك شتی سەیر دەبینن و شتی زۆر گەورە بۆ باشووری کوردستان بەڕێوەیە''.

V-22-OSPREY فڕۆکەی شەڕکەر نین، تایبەتمەندی ئەو فڕۆکەیە ئەوەیە توانای نیشتنەوەی لە هەموو شوێنێک هەیە و زۆر خێرایە لە گەیاندنی کەلوپەل و سەرباز بۆ شوێنی مەبەست، توانای هەڵگرتنی کێشێکی زۆری هەیە، زۆر جار بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی بەکاردێت، نرخی ئەو جۆرە فڕۆکانە نزیکەی 67 ملیۆن دۆلارە.

پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردبوو کە ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی لە عێراق زیاددەکات بە مەبەستی هاوکاریکردنی عێراق لە جەنگی دژ بە تیرۆر.







رووداو
Top