ئەمڕۆ پێشمەرگە ژمارەیەک گوندی دەڤەری مەخمووری کۆنتڕۆڵ کرد

ئەمڕۆ پێشمەرگە ژمارەیەک گوندی دەڤەری مەخمووری کۆنتڕۆڵ کرد
بەرپرسی ناوچەی دێبەگەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێ، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە ژمارەیەک گوندی دەڤەری مەخمووری ئازاد کردووە و داعش شکستی هێناوە.

"کرێکار شاکر" بەرپرسی لیژنەی ناوچەی دێبەگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پەیامنێری رایگەیاند: ئەمڕۆ بەیانی پێشمەرگە هێرشی کردە سەر ناوچەکانی دەوروبەری مەخموور و توانیان گوندەکانی کوشاف و تەلخێمێ گەورە و بچووک و کلکەی میزانی و ساقیە و بناری قەرەچۆغ رزگار بکەن و هێزی پێشمەرگە توانی تیرۆرستانی داعش راو بنێت و چەکدارانی داعش دوای هێرشی پێشمەرگە لە ماوەیەکی کەمدا ناوچەکەیان چۆل کرد.

کرێکار شاکر گوتی: لە هێرشی ئەمڕۆی هێزەکانی پێشمەرگەدا، داعش زیانی زۆری بەرکەوتووە و ئەوەی بینراوە سێ تەرمیان بەجێ هێشتووە و دوو ئۆتۆمبێڵی هەمەر کەوتوونەتە دەست پێشمەرگە و لە گوندی زمارە تیرۆرستان دو بۆمبیان نابۆوە، بەڵام پێش ئەوەی بتەقێنەوە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە پووچەڵ کرانەوە.
Top