سێ لیژنەی پەرلەمان لە گرفتەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگ دەکۆڵنەوە
نازم كبیر هەركی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ بۆ ئامادە کردنی ڕاپۆرتێک لە سەر ڕەوش و گوزەرانی هێزەکانی پێشمەرگە، سێ لیژنەی پێشمەرگە و تەندروستی و ناخۆی پەرلەمان لە سەر بڕیاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان سەردانی میحوەرەکانی شەڕ دەکەن.
ئەو ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمان گووتی: لە یەكەم سەردانمان بۆ میحورەکانی شەڕ، ئەمڕۆ سەردانی میحوەری خازر و باشیكمان كرد و دوای گەرانەوەمان راپۆرتەكانمان پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان دەکەین و بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بە پەلە بۆ ئەو کێشەو گرفتانەی پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەکان هەیانە، لە گەڵ وەزیری پێشمەرگە و ناوخۆ کۆ دەبینەوە.
دوای ئەوەی لە ١٠ی حوزەیران چەكدانی داعش شاری موسڵیان كۆنتڕۆل كرد، هێزەكانیی پێشمەرگە كەوتنە حاڵەتی ئامادە باشی و بۆ ڕێگە گرتن لە دزەی تیرۆریستان بۆ نێو خاكی كوردستان، پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەكان جێگیر كرا.
